پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق پێش هەڵبژاردنی پێش وەختە دۆخی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان ئاسایی بكاتەوە، چونكە ئەم دۆخە كارگێڕی و سیاسییە ئاڵۆزەی ئێستای كەركوك بۆ هەڵبژاردن لەبارنیە.
باسی لەوەش کرد فرە بازنەیی بۆ كورد باشترە.
رێبوار تەها ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بارودۆخی ئێستای كەركوك و ناوچە كێشە لە سەرەكانی دیكە بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمانی عێراق لەبارنیە، ئەركی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە بارودۆخی ئەو شارە ئاسایی بكاتەوە پێش وادەی هەڵبژاردن.
رێبوار تەها وتی: ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە سیستمی فرە بازنەیی بۆ كورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكان باشترە، بەم سیستمە نویێەی یاسای هەڵبژاردن چونكە تاك بازنەیی كاتێك باشە هەڵبژاردن بە سیستمی ساندلیگۆ ئەنجام بدرێت.
باسی لەوەشكرد، هەڵبژاردنی پێشوو كە 12ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو بۆ كورد گرنگ بوو، بەو پێیەی لە دوای 16 ی ئۆكتۆبەرەوە ئەو هەڵبژاردنە ئەنجامدرا، بەبێ ئەوەی ئیدارە و ئاسایشی كەركوكمان لەدەست بێت توانیمان 6 كورسی بەدەست بهێنین، بەوەش ئەو تۆمەتانەی ئاراستەمان دەكرا لە هەڵبژاردنەكانی پێشتر بەوەی دەنگی لایەنەكانی ترمان بۆ خۆمان بردووە پوچەڵ بوویەوە و ئەوەش بۆ شوناسی كوردستانی بوونی كەركوك گرنگ بوو.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستە ڕوو، باشتر وایە سەرجەم هێزە كوردییەكان لە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان واز لە ململانێی یەكتری بهێنن و لێك تێگەشتن لەنێوانیاندا هەبێت تا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەركەوتووبین.