کاردانەوە جیهانییەکان دوای هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دوای ئەوەی ئێران بە چەندین درۆن، مووشەکی کرووز و بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەشێکی وڵاتان سەرکۆنەیان کرد و بەشێکی دیکەش نیگەرانی خۆیان دەربڕی.

ئەمریکا: پشتیوانیمان بۆ ئیسرائیل پۆڵایینە

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی پشتیوانیی “پۆڵایین”ی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوەو و دوێنێ شەو (شەممە) بە زوویی لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە.

بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، “لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆبوومەوە بۆ ئەوەی دوایین هەواڵی هێرشی ئێران لە دژی ئیسرائیل تاوتوێ بکەین. پابەندیی ئێمە بە ئاسایشی ئیسرائیل لە دژی هەڕەشەکانی ئێران و پاشکۆکانی پۆڵایینە.”

بەریتانیا: بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە ئاسایشی ئیسرائیل

ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، هێرشی “بێباکانە”ی ئێرانی بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل ئیدانە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە لەندەن “بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە ئاسایشی ئیسرائیل”.

سوناک لە بەیاننامەیەکدا وتی: هاوشانی هاوپەیمانەکانمان بە پەرۆشەوە کاردەکەین بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری دۆخەکە و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر.

ناوبراو زیادی کرد: بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشی بێباکانەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکەم، ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەم لێدانانە هەڕەشەی هەڵگیرسانی گرژی و ناسەقامگیری ناوچەکە دەکەن. ئێران جارێکی دیکە نیشانی داوە کە بڕیارە ئاژاوەگێڕی لە دەوروبەری خۆیدا بڵاو بکاتەوە”.

رووسیا: کێشەکان بەڕێگەی دیپلۆماسی چارەسەر بکرێن

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا “نیگەرانیی قووڵی لە دوایین گرژییە مەترسیدارەکانی ناوچەکە راگەیاند و داوای کرد، “لایەنەکان دان بەخۆیاندا بگرن.”

وەزارەتەکە هەروەها بڵاویکردەوە، “ئێمە پشت بە وڵاتانی ناوچەکە دەبەستین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی دیپلۆماسی و سیاسی.”

یەکێتیی ئەوروپا: کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری

ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپی داوای لە ئێران کرد، “هەر ئێستا هێرشەکان رابگرە.”

ئەو کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، “دەبێت هەموو لایەنەکان خۆیان لە زیادبوونی گرژی دیکە بەدوور بگرن و کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.”

نەتەوە یەکگرتووەکان: ناوچەکە و جیهان بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرن

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، “سەرکۆنەی زیادبوونی گرژییە جیدییەکان دەکەم کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە شێوەیەکی فراوان هێرش دەکرێتە سەر ئیسرائیل.”

گوتێرێز لە پۆستێکی ئێکسدا رایگەیاند کە “ناوچەکە و جیهان بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرن.”

ئەڵمانیا: ئێمە بە توندترین شێوە ئەو هێرشە ئیدانە دەکەین

لای خۆیەوە ئەڵمانیا هۆشداریدا لەوەی هێرشی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل دەتوانێت تەواوی ناوچەیەک بخاتە ناو ئاژاوەگێڕییەوە.

ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: ئێمە بە توندترین شێوە ئەو هێرشە ئیدانە دەکەین کە دەتوانێت تەواوی ناوچەکە بخاتە ناو ئاژاوەگێڕییەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران و بریکارەکانی دەبێت دەستبەجێ ئەم بابەتە بوەستێنن.

دووپاتیکردەوە کە بەرلین “بە توندی لەگەڵ ئیسرائیلدا” وەستاوە.

دۆناڵد ترەمپ: ئەگەر من سەرۆک بوومایە، هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هەرگیز ڕووی نەدەدا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ڕایگەیاند، نەدەبوو ڕێگە بدرێت هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر من سەرۆک بوومایە، هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هەرگیز ڕووی نەدەدا.

ستیڤ سکالیس، سەرۆکی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەنجومەنەکە گۆڕانکاری لە کارنامەی خۆیدا دەکات بۆ تاوتوێکردنی یاسایەک کە پاڵپشتی ئیسرائیل دەکات و کاردەکات بۆ لێپرسینەوە لە ئێران.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی نوێنەران بە توندی لەگەڵ ئیسرائیل وەستاوە و دەبێت لێکەوتەی ئەم هێرشە بێ ئیستفزازییە هەبێت ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر وردەکاری زیاتر ئاشکرا دەبێت.

تورکیا: هیوای زیادبوونی گرژییەکی دیکە ناخوازین

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، هاوتا ئێرانییەکەی کرد و وتی، “ئێمە هیوای زیادبوونی گرژییەکی دیکە ناخوازین لە ناوچەکە.”

چین: دۆخی ئێستا لە ئەنجامی جەنگی غەززەوە بووە

هاوشێوەی وڵاتانی دیکە، وەزارەتی دەرەوەی چینیش داوای “دانبەخۆداگرتن”ی کرد و رایگەیاند، دۆخی ئێستا لە ئەنجامی جەنگی غەززەوە بووە. چین داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، ئاگربەست رابگەیەنن و ئەم کێشەیە کۆتایی پێبهێنن.

وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها رایگەیاند، چین داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کاریگەرییان هەیە، رۆڵێکی بنیاتنەرانە بگێڕن بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.

فەرەنسا: پابەندین بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای دانبەخۆداگرتنی کرد.

ماکرۆن لە ئێکس بڵاویکردەوە، “بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە بێوێنەیە دەکەم کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل کراوە و هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.”

سەرۆکە فەرەنسییەکە هەروەها گوتی، “هاوسۆزی خۆم لەگەڵ گەلی ئیسرائیل و پابەندبوونی فەرەنسا بە ئاسایشی ئیسرائیل و هاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە دەردەبڕم. فەرەنسا لەگەڵ هاوبەشەکانی کار لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان دەکات و داوای دانبەخۆداگرتن دەکات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا