پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمیانەی بەشداریكردنیدا لە پانێڵی (پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند لەنێوان ئالانگاری و دەرفەتدا) كە پەیمانگای تەكنیكی كوردستان رۆژی چوارشەممە (3/4/2024) لە شاری سلێمانی ڕێكیخستبوو، لە بارەی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بەتایبەت لە پاش بڕیارەكانی دادگای فیدرالی رایگەیاند: كە ژیانی دەستوری لە عێراقدا یەك پاكێجە و ناكرێت بڕیارێكی دادگای دەستووریی، كە لە بەرژەوەندی هێز و لایەنێكدا بێت باش بێت و ئەگەر پێچەوانەی خواستی ئەویش بوو خراپ و پیلانگێڕیی بێت.
هەر لە پانێڵەکەدا و لەبارەی ئاریشە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەدا كە پێشتر لەرواڵەتدا ئابووری هەرێمی کوردستان سەربەخۆ بوو، بەڵام راستیەكەی دابڕانی دۆخی ژیانی هەرێم و توانا ئابوورییەكانی كورستان بوو لە بەغداد، ئێمە زۆر دەرفەتمان لە بەردەم بووە تا بەهێزەوە هەرێم بۆ بەرزكردنەوەی داهات و دابینكردنی ژیانێكی شایستە دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بكات، بەڵام پشتبەستن بە ئابووری سەربەخۆ لێكەوتەی خراپی لێكەوتەوە لەسەر باروگوزەرانی خەڵك و هەرێمی كوردستانی بەرەو ئایندەیەكی ئابووری نادیار برد.
بۆ پرسی هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی كوردستان و گرنگی ئەم وێستگەیە لەدووبارە پتەوكردنەوەی پایەكانی قەوارەی هەرێمی كوردستان، لەتیف نێروەیی رایگەیاند: ماوەیەكی زۆر ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكان كراو دەرفەتێك بوو بۆ دەستبەركردنەوەی شەرعیەتی دامەزراوەكان و بەهێزكردنی كۆڵەكەكانی قەوارەی یاسایی هەرێمی كوردستان، بەڵام ستراتیژی هەڵە و تەخوین و سەنگەربەندی ناوخۆیی و سوربوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هەموارنەكردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و مكوڕبوونی لەسەر مانەوەی كورسی كۆتاكان وەك خۆی و پاكنەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران هۆكاربوون بۆ ئەوەی نەگەین بە رێككەوتن، و هێزەكانی دیكە ناچاربوون بەدوای دەرچەیەكی یاساییدا بگەڕێن، بۆ ئەمەش یەكێتیی ڕێگای دادگای فیدرالی گرتەبەر كە رێگایەكی دەستوورییانەیە بۆ زەمانكردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، لەبەرئەوە “ئێستا هەم دەرفەتە و هەم ئاڵنگاریی و دەبێت بەرپرسانە و دوور لە بەرژەوەندی حزبایەتی بڕیار بدەین”.
ئاماژەی بەوەدا لە ئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا هەرێم ڕوبەڕوی قەیرانی سەختتر دەبێتەوە.