چۆمان محه‌مه‌د: تائێستاش گره‌نتى نییه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ 10ى 6 ده‌كرێت یان نا

پۆڵه‌تیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

چۆمان محه‌مه‌د رێكخه‌رى ژوورى یاسایى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى رۆژى هه‌ڵبژاردن دیاریكراوه‌ و كۆمسیۆن ده‌ستى به‌ڕێوشوێنه‌كانى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن كردووه‌ تا ئێستا هیچ گره‌نتییه‌ك نییه‌ ده‌كرێت یان نا، ده‌شڵێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت قه‌واره‌ى هه‌رێم رووبه‌ڕووى مه‌ترسى ده‌بێته‌وه‌.

چۆمان محه‌مه‌د رێكخه‌رى ژوورى یاسایى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه‌ له‌ هه‌مانكاتدا سه‌رۆكى لیستى بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ له‌ بازنه‌ى سلێمانى به‌پۆڵه‌تیك پرێسى راگه‌یاند: ئێمه‌ دوو ساڵه‌ ده‌رگیرین به‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت یان ناكرێت، سازان ، گفتوگۆ، هه‌موارى یاسا، وه‌ بۆ چواره‌م جار مه‌رسومى هه‌رێمى بۆدیاریكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردن ده‌ركرا، ئێستاش گره‌نتیه‌ك نییه‌ كه‌ له‌ 10ى 6 هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت یان نا.

چۆمان محه‌مه‌د وتى: چه‌ند جارێك واده‌ى پێشكه‌شكردنى فۆرمه‌كان درێژكرایه‌وه‌ به‌ڵام پارتى ناوى كاندیده‌كانى پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، پرسیاره‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا به‌بێ پارتى هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت؟ ئه‌سڵوایه‌ هه‌ڵبژاردن به‌بێ پارتیش بكرێت، ئێمه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى 18-12-2023 هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان كراو ئێمه‌ به‌شداریمان نه‌كرد كۆتایى دنیا نه‌بوو، سه‌دریش هێزێكى زۆر گه‌وره‌بوو به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى نه‌كردو هیچیش نه‌كرا.

وتیشى: پارتى خۆى به‌خاوه‌نى په‌رله‌مان و حكومه‌ت ده‌زانێت، بۆیه‌ ئاسان نییه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت و پارتى تێدانه‌بێت، ئه‌مه‌ فۆبیاو گه‌وره‌كردنى پارتى نییه‌، پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر به‌بێ پارتى بكرێت دوو هه‌نگاو پێشبینى كراوه‌، یه‌كه‌م، ره‌نگه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم به‌مه‌رسومێك داوا له‌ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، چه‌ند مانگێك هه‌ڵبژاردن دوابخرێت، ئه‌مه‌ش رێگایه‌كى یاساییه‌، بۆئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌ك بدرێته‌ پارتى و به‌شدارى بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش سه‌رى نه‌گرت، هه‌ڵبژاردن له‌ خوێندنگه‌كاندا ده‌كرێت پێویستى به‌ رێوشوێنى ئه‌منى و دابینكردنى پێداویستى هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ رێگرى بۆدروست بكرێت له‌ دوو پارێزگاى گه‌وره‌ى وه‌ك هه‌ولێرو دهۆك كێشه‌ دروست ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، ئه‌گه‌ر له‌ دهۆك و هه‌ولێر هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت و له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانى بكرێت، ئه‌مه‌ش دوو ئیداره‌یى نییه‌ به‌ڵكو دووله‌تبوونى هه‌رێمه‌.

رێكخه‌رى ژوورى یاسایى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن نه‌كرا، ئه‌وكات كۆمه‌ڵێك مه‌ترسى رووبه‌ڕووى قه‌واره‌ى هه‌رێم ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڵبژاردن پێویسته‌ بۆ مانه‌وه‌ى قه‌واره‌ى هه‌رێم و شه‌رعیه‌ت و ره‌وایه‌تى، بۆئه‌وه‌ى نه‌ڵێن هه‌رێمى كوردستان په‌رله‌مانى نیه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئێستا له‌ هه‌رێم په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان نه‌ماون، حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كاربه‌ڕێكه‌رن ، دوورنیه‌ له‌ دادگاى باڵا سكاڵا دژى ده‌سه‌ڵاته‌كانى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر تۆماربكرێت، حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانى زۆر سنورداره‌.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا