پۆڵه‌تیك پرێس:
له‌كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا تاوتوێی ڕۆڵی بزوتنه‌وه‌كه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، سه‌رۆكی جڤاتی گشتی گۆڕانیش باس له‌هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دای به‌رپرسه‌كانی گۆڕان له حكومه‌ت ده‌كات.
ڕۆژی شه‌ممه 10-10-2020 جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆران به سه‌رپه‌رشتی رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌كه كۆبوه‌وه، له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی كۆبونه‌وه‌كه جه‌مال حاجی محه‌مه‌د، سه‌رۆكی جڤاتی گشتی به پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، “له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ئه‌دای بزوتنه‌وه‌ی گۆران له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم كرا، ئه‌ندامان پرسیاریان ده‌كردو و ئێمه‌ش وه‌ڵاممان ده‌دانه‌وه، به دڵنیاییه‌وه تا ئێستا رۆڵی بزوتنه‌وه‌ی گۆران وه‌ك پێویست نیه و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی نارازایبونی ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌كه له ئه‌دای گۆران”.
جه‌مال حاجی محه‌مه‌د وتیشی، “ئه‌ندامانی جڤات گله‌ییان هه‌یه، له‌هه‌مان كاتدا فشاریش هه‌یه له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه ده‌رباره‌ی ڕۆڵی گۆڕان له‌نێو كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم”.
له‌ئێستادا ڕایه‌ك له‌نێو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دروستبووه كه له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق گۆڕان به یه‌ك لیست له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌شداریی له‌و هه‌ڵبژاردنه بكات، سه‌رۆكی جڤاتی گشتی گۆڕان له‌وباره‌یه‌وه وتی:”تا ئێستا ئه‌و بابه‌ته له‌نێو بزوتنه‌وه‌كه باس نه‌كراوه به‌ڵام ئه‌م جاره هه‌ڵبژاردنه‌كه هه‌ڵبژاردنێكی سه‌خت ده‌بێت، ئه‌گه‌ر گۆران بیه‌وێت به‌یه‌ك لیست له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات، ئه‌وه ده‌بێت پێشتر گۆڕان راوێژ له‌گه‌ڵ ژووره په‌یوه‌ندیداره‌كان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت ئاخۆ له به‌رژه‌وه‌ندی گۆڕانه یاخود نا”.
جه‌مال حاجی محه‌مه‌د جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی “گۆڕان ده‌بێت ئاگادار بێت نابێت بچێته ناو یارییه‌كه‌وه كه نه‌زانێت ئه‌نجامه‌كه‌ی چیه”.