پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەڵیت” ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرۆسەی دیموکراسی دەخاتە مەترسییەوە و یەکێتی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن”
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: گرنگی کۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە دوو بواردا لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە یەکەمیان ئەوەیە کە بەهۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنەوە پەرلەمانی کوردستان پەکخراوە و کۆمسیۆن شەرعیەتی نەماوە و ناکۆکی زۆر لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانیش بوونی هەیە، بواری دووەمیش بابەتی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان و دواکەوتینی مووچەی فەرمانبەرانە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەردوو بوارەکەدا پێداگری دەکات کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و مووچەی مووچە خۆرانیش لە کاتی خۆیدا دابەشبکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێکی زۆر شەفافە ئەوەی پەیوەستە بە هەڵبژاردنەوە ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت ئەوا کاروانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشەدا دەبێت و مەترسی لە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت و دام و دەزگاکان زیاتر بێ شەرعییەت دەبن بۆیە تەنها بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەتوانیین شەرعیەت بگێڕینەوە بۆ دامەزراوەکان.
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی وتیشی، پێشتر دەستی تۆمەت بۆ بەغدا رادەکێشرا کە ئەوە بەغدایە نایەوەێت هەڵبژاردن بکات، بەڵام لە ئێستادا لە ناوخۆی هەرێمەوە هەوڵدەدرێت هەڵبژاردن نەکرێت و دوابخرێت.
لەتیف نێروەیی ئەوەشی خستەڕوو، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هاوپەیمان نیگەرانن لە دواخستنی هەڵبژاردن و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن کە ئەم نیگەرانیانە جدین و مەترسین بۆسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان بەمەش زیاتر زەمینە خۆش دەبێت بۆ ئەوەی دەست بخرێتە ناو کارو بارەکانی هەرێی کوردستان.