پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەبارەت بە رەوشی کەشوهەوا و پێشبینیەکانی کەشناسی بۆ ئەو رێژە بارانبارینەى کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژى داهاتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ببارێت، پارێزگاری هەولێر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی راسپار بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چاوەڕواننەکراو لە ئامادەباشیدابن.
دواى نیوەڕۆى رۆژی یەکشەممە 17ی ئاداری 2024 بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لهگهڵ قائیمقام و بەرپرسانى فهرمانگه خزمەتگوزارییەکان و لایهنه پهیوهندیدارهكان ئەنجامدرا، سەبارەت بە رەوشی کەشوهەوا و پێشبینیەکانی کەشناسی بۆ ئەو رێژە بارانبارینەى کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژى داهاتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ببارێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواى هەڵسانگدن بۆ رەوشەکە، پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بەوەدا کە بەهۆى ئەو هەوڵ و کار و پرۆژانەى کە لە ماوەى ساڵانى رابردوودا و بەر لەوەرزى بارانبارینى ئەمساڵ لەپێناوى روونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى لە سنوورى پارێزگاکەمان ئەنجامدراوە، تواندراوە لە شارى هەولێر مەترسیەکانى لافاو کەمبکرێتەوە.
سەبارەت بەو رێژە بارانبارینەش کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژى داهاتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ببارێت، دواى پێشکەشکردنى راپۆرتى کەشناسى لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتیى کەشناسى و پێشبینییەکانیان بۆ رەوشى کەشوهەواى چەند رۆژى داهاتوو، کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەى لاى خوارەوە:-
یەکەم/ سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان، هەریەک لە سنووری خۆی ژوورێکى عەمەلیات پێکدەهێنێت و لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و چارەسەرکردنى ئەو گرفت و کێشانەى کە دەبنە هۆکار و مەترسى دروستبوونى لافاو.
دووەم/ بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاوەڕۆ و ئاودێرى، بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەى ڕێرەکانى (ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان).
سێیەم/ سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕیوەبەرایەتى گشتیی شارەوانییەکان، لەگەڵ سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەباشی و هەماهەنگی یەکتردابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و ڕووداوێکى چاوەڕوان نەکراو.
چوارەم/ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتى پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر، وەک پێشوتر لەسەر ڕێگا گشتیی و سەرەکیەکانى دەرەوەى شار دابەشدەکرێن و بەردەوام دەبن لە پاراستن و چاککردنەوە و رێکخستنەوە و پاککردنەوە ڕێگای سەرەکییەکان.
پێنجەم/ (ئاسايش، پۆلیس، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و مەترسى دروستبوونى لافاو.
شەشەم/ ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لە ئامادەباشی دادەبێت بۆ چارەسەرکردنى هەر ڕووداوێک و دروستبوونى هەر کێشە و گرفت و حاڵەتێکى نەخوازراو.
حەوتەم/ سەرجەم شار و سیتیەکان، لە بەرامبەر پاککردنەوەى ڕێرەى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورسى کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانى سنوورەکانیان بەرپرسیارن.
هەشتەم/ داوا لە هاوڵاتییان دەکەین هەمانگ و هاوکاری تیمەکانبن و پابەندی ڕێکار و ڕێنماییەکانبن، لەحاڵەتى باران بارینى زۆر نزیکى ڕووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.
نۆیەم/ سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندارەکان لە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارانە بەرپرسن و لەبەرامبەر هەر کەمتەر خەمییەک لە جێبەجێکردنى ئەرک و کارەکانیان هەریەکه و بەئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى بەرپرسیار دەبێت.