وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی روونكردنەوەیەكدا دەڵێت، وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ تەنها بڕی 560 ملیار و 217ملیۆن دیناری تەمویل كردووە كە دەكاتە ڕێژەی تەنها ( 59٪) لە كۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێ بەشكردنی ڕێژەی (41٪ ) ی مووچەخۆرانی هەرێم.

لە روونكردنەوەكەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، رێككاری وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ وایكردووە كورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست بێت.

دەقی روونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان:

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە نووسراوی ژمارە (2147/4/7 ) لەبەرواری (5-3-2024) داوای لە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ كردبوو بە تەمویلكردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی ساڵی 2024 بە بڕی (949، 813، 146، 170) دینار.

بەڵام وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ تەنها بڕی 560 ملیار و 217 ملیۆن دیناری تەمویل كردووە، كە دەكاتە رێژەی تەنها ( 59٪) لە كۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێ بەشكردنی ڕێژەی (41٪ )ـی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەكانیان، و تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەش كە بڕیاری تەمویلكردنی دراوە نەگەیشتووەتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم.

ئەم رێككارەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵی وایكردووە كورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات بە نزیكەی ( 390) ملیار دینار دروست بێت، و گرفتی گەورەی دارایی دروستدەكات و دەبێتە هۆی بێ بەشكردنی بەشێكی زۆری مووچەخۆران و دروستكردنی فەرق و جیاوازی لە نێوان مووچەخۆران.

جگە لە كەمی ئەو بڕە پارەیەی كە نێردراوە بۆ مانگی شوبات، بەپێی ئەو نوسراوانەی كە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدرال دەریچواندوون، بۆ مووچەی مانگی ئاداری 2024، هیچ تەمویلێكی حكومەتی هەرێم ناكرێت ئەگەر مووچەی هەرێم (توطین) نەكرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من لە مێژە دەستیكردووە بە پرۆسەی توطین لەژێر سەرپەرشتی بانكی ناوەندی عێراق و گفتوگۆكان لەم بارەیەوە بەردەوامن، و نابێت هیچ لەم رێككارانەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ ببنە مایەی بێبەشكردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە لە مووچەكانیان كە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق لە ناوچەكانی دیكە مامەڵە بكرێن.

لێرەوە وەكو وەزارەتی دارایی و ئابووری جەختدەكەینەوە لە نووسراوی سەرەوەمان بۆ خەرجكردنی تەواوی مووچەی هەرێم، و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بێبەش بكرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان و داوا دەكەین وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق بەمەرجی تەعجیزی ئەو مافە لە هەرێمی كوردستان زەووت نەكات و بۆ مووچەی مانگی ئادار هیچ كۆت و بەندێك بۆ تەمویلكردنی مووچەخۆران دانەڕێژن، چونكە ئەمە مافی دەستووری و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە و نابێت تێكەڵی هیچ ناكۆكیەكی نێوان هەردوو حكومەت بكرێن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان

12-3-2024

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا