پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەبارەی کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو و ئامادەکارییەکان بۆ پاراستنی دار و نەمامەکان لەسەر شەقام و باخچەکان بەهۆی بای بەهێزەوە پۆڵەتیک پرێس زانیاری دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە25ی شوبات، پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس لەشاری سلێمانی ڕایگەیاند،” بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەمڕۆ خێرایی با لەنێوان 20 بۆ 30 کیلۆمەتردایە لە کاتژمێرێکدا، بەڵام سبەینێ دووشەممە خێرایی با دەبێتە دوو هێندە و دەگاتە 50 بۆ 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لەناوچە شاخاوییەکانیش دەگاتە 90 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، لەڕۆژی سێشەممە و چوارشەممەدا هەورێکی باراناوی مامناوەند ڕوو لە ناوچەکان دەکات و خێرای با لاواز دەبێت، ڕۆژانی دواتر جارێکی دیکە بایەکی بەهێز ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە”.
لەبارەی رێگریکردن لە شکانندی دار و نەمامەکان بەهۆی باوە عەلی حامید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ پۆڵەتیک پرێس رایگەیاند،” کەشوهەوا لە دەسەڵاتی مرۆڤدا نییە و گۆڕانکارییەکانی لە کاتێکەوە بۆ کاتیکی دیکە دەگۆڕێت، ساڵانە بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی پلانێکی زۆر تۆکمە دادەنێت، بەجۆرێک هەڵبژاردنی جۆری دار و درەخت و نەمامەکان بەشێوەیەکن لەگەڵ کەشوهەوای شاری سلێمانیدا بگونجێن و بەرگەی سەرما، گەرما و با بکەن”.
ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ تائێستا هیچ داتایەکمان بۆ نەهاتووە لەبارەی شکاندنی دار لەشاری سلێمانی، ساڵانی ڕابردوو ڕوویدا بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەوا، بەڵام هەوڵ دراوە ئەو دار و درەختانەی لقێکیان شکاوە لەشوێنی خۆیدا جوانکاری بۆ بکرێت و ڕێکبکرێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە شکاندنیان، بەگشتیش هەڵپاچین و جوانکاری گونجاو بۆ دارەکان ئەنجام دراوە بۆئەوەی بەرگەی با بگرن، لەگەڵ ئەوەشدا لە دیاردە سروشتییەکاندا هیچ شتێک نییە بۆئەوەی بەتەواوی دیاریدەی شکاندنی دارەکان بنبڕبکرێت، بەڵام دەتوانرێت پلانێک بۆ ڕێگریکردنی دابنرێت.
لەبارەی ئەو بۆیە سپییەی لە دارەکان دەدرێت ڕوونیکردەوە، ئەو جۆرە بۆیەیە دژی نەخۆشی کەڕووەکانە بۆ پارێزگاریکردن لە درەختەکان لەو نەخۆشییە بەکاردەهێنرێت بۆئەوەی لەسەری گەشە نەکات و ببێتە هۆی وشکبوونی.
جەختیکردەوە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی، 506 باخچە لەناو گەڕەکەکانی ناو شاری سلێمانیدا هەن، حەوت پارکی گەورە و 83 بلوار هەیە، هەروەها پلان هەیە لەساڵی 2024 چەندین باخچە و بلوار و بەرزەپرد سەوز بکرێت و سەوزاییەکی زیاتر پێشکەش بەشاری سلێمانی بکرێت.