بۆ یەکەم جار کەشتییەکی ئاسمانیی کەرتی تایبەت لەسەر رووی مانگ نیشتەوە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

کەشتییەکی ئاسمانیی کۆمپانیای Intuitive Machinesـی ئەمریکی بەناوی ئۆدێسا پاش نزیکەی 52 ساڵ لە گەشتەکەی کەشتیی ئاسمانیی ئەپۆڵۆ-17 لە دیسامبەری 1972، لەسەر رووی مانگ نیشتەوە.

کەشتیی ئاسمانیی ئۆدێسا یاخوود ‘ئۆدی’ درووستکراوی کۆمپانیای Intuitive Machinesـی کەرتی تایبەتی ئەمریکییە و بەهاوبەشی لەگەڵ ناسا، بۆیەکەمین جارە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا کەشتییەکی ئاسمانیی کەرتی تایبەت لەسەر رووی مانگ بنیشێتەوە.

ساتی نیشتنەوەی کەشتییە ئاسمانییەکە بەشێوەی راستەخۆ لە هەژمارە فەرمییەکانی ناسا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دانیشتوانی گۆی زەوی گواسترایەوە.

لەسەرەتادا رۆبۆتەکە توشی چەند ئاستەنگییەکی چاوەڕوان نەکراو هات و لەکاتی نیشتنەوەی لەسەر رووکاری مانگ، پەیوەندیی لەگەڵ ژووری کۆنتڕۆڵی ئەرکەکە پچڕا.
تیم کرەین، بەڕێوەبەری ئەرکە ئاسمانییەکە لە راستەوخۆکەی ناسادا ئاماژەی بەوەکرد کە کەشتییەکە توشی چەند گرفتێکی تەکنیکی هاتووە و “بەتەواوەتیی نەمردووە”، کۆمپانیای ئینتیوتیڤ مەشینس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پاش لەکارکەوتنی رۆبۆتەکە بڵاویکردەوە، “پاش پشکنینی ئەگەری بوونی هەڵەیەک لە ئامرازی پەیوەندیی رۆبۆتۆەکە، لە ئێستادا بەڕێوەبەرانی پرۆسەکە دڵنیاییانداوە کە ئۆدێسا سەلامەتە و داتاکان و یەکەمین وێنەی رووکاری مانگ بۆ زەوی دەنێرێت”.

ئەرکەکەی ئینتویتیڤ مەشینز و ناسا

رۆژی 14ـی شووبات، لە ئەرکێکی ئاسمانیی هاوبەشی نێوان ناسا و کۆمپانیای بازرگانیی ئینتویتڤ مەشینز، 12 رۆبۆتی ئاسمانییان بەمەبەستی گەڕان و پشکنینی جەمسەرری باشووری مانگ ناردە سەر ئەو هەسارەیە.

شەش لەوانەیان رۆبۆتۆی کۆمپانیا بازرگانییەکان بوون و شەش دانەشیان، لەلایەن ناساوە بۆ تاقیکردنەوە و گەڕان و پشکنینی سەر مانگ نێردرابوون و شەوی رابردوو نزیکی کاتژمێر 2:30 خولەک (بەکاتی هەولێر) بەشێک (6:24 بەکاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا) پاش بڕینی 997793 کیلۆمەتر، رۆبۆتەکە بەسەلامەتی لەسەر رووی مانگ نیشتەوە.

ئەرکی ئاسمانیی IM-1 تەنها یەک ئامانجی هەیە؛ ئەویش بریتییە لە گەیاندنی ناسا و کۆمپانیای ئینتویتڤ مەشینس بە جەمسەری باشووری مانگ کە تا ئێستا هیچ کەس دەستی پێ نەگەیشتووە.
ساتی هەڵدانی کەشتیی IM-1 لەسەر گۆی زەوییەوە

پێشتر هەریەکە لە رووسیا، چین، یابان و هیندستان لەم چەند ساڵەی رابردوودا هەوڵی بێوچانیان بۆ گەیشتن بەم ناوچە تاریکەی سەر رووی مانگ داوە، بەڵام هیچ کام لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە.

ئەمریکا دەیەوێت بە هاوکاریی کۆمپانیا بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە کێبڕکێی رووسیا و چین بکات لەگەیشتن بەم بەشە دوورەدەستەی مانگ و درووستکردنی بنکەیەکی فراوان لێی.
زلهێزەکانی جیهان و وڵاتانی پێشکەوتووی بواری زانستی، چاویان بڕیووەتە ناوچەکانی جەمسەری باشووری مانگ. ئەمەش بەو هیوایەی کە بتوانن سەهۆڵ یاخود ئاو لەو ناوچانە بدۆزنەوە؛ بەو پێیەی کە ئەو بەشەی مانگ، بەردەوام سێبەرە و هیچ کات تیشکی خۆری بەرناکەوێت. زانایانی بواری گەردوونی دەڵێن، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە بەهۆی بەرنەکەوتنی تیشکی خۆر لەو ناوچانە، ئاو و سەهۆڵ بوونیان هەبێت.

دۆزینەوەی ئاو لەسەر مانگ، بە مانای دەستپێکردنی یەکەمین گەشتی مرۆڤە بە مەبەستی نیشتەجێبوون لە دەرەوەی هەسارەی زەویی و دەستپێکردنی ژیانێکی نوێیە لەسەر رووی مانگ، چونکە زۆرینەی تیۆرییە زانستییە گەردوونییەکان لەبارەی چونی مرۆڤ و نیشتەجێبوونی لە دەرەوەی هەسارەی زەوی، مانگ بە یەکەمین وێستگەی ئەو گەشتە نێوهەسارەییە دەزانن.
بۆ ئەو مەبەستەش زلهێزەکانی جیهان چاویان بڕیوەتە ئەو بڕە ئاوەی کە ئەگەری بوونی هەیە لە جەمسەری باشووری مانگ و دەیانەوێت وەک سووتەمەنی بۆ مووشەک و کەشتییە ئاسمانییەکانیان بەکاریبێنن لە گەشتەکانی مرۆڤ بۆ دەرەوەی هەسارەی زەوی.

هێشتا زۆر شت ماوە کە مرۆڤایەتی پەی پێ نەبردووە لەبارەی مانگەوە. زۆرجاریش مانگ وەک دەروازەیەکی مرۆڤ بۆ قوڵایی گەردوون پێناس دەکرێت، سەرکەوتنی کەشتیی ئۆدێسا هەنگاوێکی دیکە لەو ئەرکە نزیکمان دەکاتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا