مامۆستا ئه‌ییوب زه‌ڵمى: نیقاب بۆ ئافره‌تان واجب نییه‌

پۆڵه‌تیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مامۆستا ئه‌ییوب زه‌ڵمى، مامۆستاى ئایینى ده‌ڵێت، باڵاپۆشى ئه‌ركێكى ئایینییه‌ له‌سه‌ر شانى ئافره‌تان، خواى په‌روره‌دگار به‌ ده‌قى قورئان ئه‌مه‌ى واجبكردووه‌، به‌ڵام نیقاب واجب نه‌كراوه‌.

مامۆستا ئه‌ییوب زه‌ڵمى، مامۆستاى ئایینى له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ پۆڵه‌تیك پرێس ده‌ڵێت: مه‌رجه‌كانى باڵاپۆشى ئه‌وه‌یه‌ ئافره‌ته‌كه‌ داپۆشراوبێت، وه‌سفى ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ى نه‌كات، ئه‌وه‌نده‌ ته‌نك نه‌بێت پێستى ده‌ركه‌وێت و هه‌موو جه‌سته‌ى داپۆشیبێت جگه‌ له‌ ده‌ست و ده‌م و چاوى.

ده‌شڵێت، كاتێك باسى نیقاب ده‌كرێت خیلافه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌و ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ كه‌ خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت” باجوانى خۆیان ده‌رنه‌خه‌ن مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ خۆى ده‌ركه‌وتووه‌” هه‌ر له‌سه‌رده‌مى هاوه‌ڵانى به‌رێزه‌وه‌ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ى”بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌خۆى ده‌ركه‌وتوه‌” لێكدانه‌وه‌ى جیاوازى بۆ كراوه‌.

باسله‌وه‌ش ده‌كات، به‌شێك له‌ زانایان ده‌ڵێن هه‌ردوو ده‌ست هه‌تا مه‌چه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌م و چاو، ئه‌و به‌شه‌ن كه‌ ده‌رئه‌كه‌وێت، واته‌ داپۆشینى ئه‌و به‌شه‌ واجب نییه‌.

روونیشیده‌كاته‌وه‌ بابه‌تى نیقاب نه‌ له‌قورئاندا هاتووه‌، نه‌ له‌سوننه‌تدا هاتووه‌، واته‌ به‌ ده‌قێكى راشكاو ئایه‌تێكى قورئانى پیرۆزمان نیه‌ یان فه‌رمووده‌یه‌كى پێغه‌مبه‌رى خوا “دروودى خواى له‌سه‌ربێت” نییه‌، كه‌ باس له‌وه‌بكات ده‌م و چاوى ئافره‌ت ده‌بێت دابپۆشرێت.

مامۆستا ئه‌ییوب زه‌ڵمى له‌وباره‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ى زیاتر ده‌دات و ده‌ڵێت: فه‌رمووده‌یه‌كمان هه‌یه‌ له‌ سه‌حیحى بوخاریدا كه‌ رێگرى ده‌كات له‌ داپۆشینى ده‌م و چاوى ئافره‌ت و ده‌سته‌كانى، له‌فه‌رمووده‌كه‌دا هاتووه‌” ئافره‌ت ئه‌بێت ده‌م و چاوى دانه‌پۆشێت وه‌ ده‌ستكێش نه‌كاته‌ ده‌ستى” له‌كاتى ئیحرامدا واته‌ له‌ كاتى حه‌ج و له‌ كاتى عه‌مره‌دا. زانایان ده‌فه‌رموون ئه‌گه‌ر داپۆشینى ده‌م و چاو واجب بووایه‌ت، وه‌ ده‌ركه‌وتنى ده‌م و چاوو ده‌سته‌كان گوناهـ و فیسق بووایه‌ت، ئه‌وا خوا رێى پێنه‌ده‌دا له‌ حه‌جدا ده‌ركه‌وێت.زانیان ده‌فه‌رموون حوكمى نیقاب به‌پێى شه‌رع به‌ “موباح” ده‌مێنێته‌وه‌، واته‌ ده‌توانن نیقاب بكه‌ن وه‌ ده‌توانن نه‌یكه‌ن، هه‌ندێك له‌ زانایانیش ده‌فه‌رموون ئه‌مه‌ نه‌ریتى كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و سه‌رده‌مه‌بووه‌.

درێژه‌ى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌له‌خواره‌وه‌یه‌

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا