وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەستپێکی خوێندنى ئەمساڵی راگەیاند

پۆڵەتیک پرێس

وەزارەتى پەروەردەى هەرێم راگەیاند، سبەى شەمە دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل ، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی.

وەزارەتى پەروەردە لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەگرتنەبەرى چەند رێوشوێنێک دەست بە دەوامی فەرمی خوێندنى ئەمساڵ دەکەنەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە رۆژى شەمەوە قۆناغی یەک و دوووی بنەڕەتی لەگشت قوتابخانە بنەرەتیەکانی حکومی و ناحکومی لەناو پۆل بەڕێنمایی خۆپارێزیی و بەستنی ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان دەوام دەستپێدەکەن.

هەروەها باس لەوەشکراوە، لەو قوتابخانانەی کە لەگوندەکانن و هێڵی ئەنتەرنێت وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیان زۆر نییە ، کە بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان وئیدارەکان دیارییان کردوون ، بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی و ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان ، لە گشت ئاستەکان وقۆناغەکان دەوامی ئاسایی لە ناو پۆل دەستپێدەکەن.

ئەوەش روونکراوەتەوە، لە قۆناغی سێیەمی بنەرەتی تاوەکو یازدەی ئامادەیی، بە شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست بە خوێندن دەکەن لەڕێگای پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی.

ئەوەش لەکاتێکدایە لەماوەى رابردودا بەشێکى زۆر لە مامۆستایان ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر خوێندنى ئەلکترۆنى راگەیاندو ئاماژەیان بەوەکرد تاوەکو ئەو سیستمە هەڵنەوەشێتەوەو مووچەیان بۆ دابین نەکرێت دەست بە دەوام ناکەنەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک