دادگای فیدراڵی: پەرلەمانی کوردستان لە 100 ئەندام پێکدێت

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا، پەرلەمانی کوردستان لە 100 ئەندام پێکدێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راستەوخۆ سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات؛ بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، کورسیی کۆتایی تورکمانەکان و پێکهاتە کەمینەکان کە 11 کورسی پەرلەمانییە نادەستوورییە لادەبرێن و هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (21-2-2024)، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دادبینی بۆ سکاڵایەک کرد کە لەسەر ژمارەیەک ماددەی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوو.

دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمبکاتەوە و 11 کورسیی کۆتایی پێکهاتەکانی تورکمان و کەمینەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بە ‘نادەستووری’ دانا.

سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، لایەنی سکالاکار داوای بەنادەستووریناساندنی مادەکانی 1،9،15،22 و 36 دەکەن.

ئەو مادانەی لە یاسای ژمارەی 1ـی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.

مادەی 1: ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە 111 کورسی پێکدێت.
مادەی 9: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: لە هەرێمی کوردستان سەنتەرەکانی هەڵبژاردن تۆماری ناوی دەنگدەران بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان ئامادە دەکەن.
مادەی 22: هەموو قەوارەیەکی سیاسی لە هەرێم مافی تۆمارکردنی لیستی تایبەتی هەیە بەمەرجێک %30 بەربژێرەکانی لە رەگەزی مێ بن.
مادەی 36: تایبەتە بە کورسی کۆتاکان و تێیدا هاتووە؛ پێنج کورسی کلدان، ئاشووری و سریانییەکان تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان و یەک کورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن تەرخان دەکرێت و بەربژێرانی سەرجەم پێکهاتە کۆتاکان رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی دەکەن.

سکاڵاکە یەکێک بوو لەدرێژترین ئەو سکاڵایانەی لە دادگای فیدراڵیی عێراق دادبینی بۆکرابێت بەجۆرێک زیاتر لە 9 مانگ و 11 دانیشتنی دادگا، دواجار بڕیاری کۆتایی لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە درا.

بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێرا، هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆسەر یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 1992 کە تێیدا 100 کورسی پەرلەمانی و 5 کورسی کۆتایی بۆ کەمینەی کریستیانەکان بوون کورسی کۆتاکان کە بۆ پێکهاتەی تورکمان و کەمینەکانی وەک (تورکمان، ئاشووری، کلدانی، ئەرمەن) لە هەرێمی کوردستان نامێنێت و دەبێت بە لیستی تایبەت بەخۆیان وەک هەر پێکهاتە و هێزێکی سیاسیی دیکەی هەرێم، بەژداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا