پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەرپرسی مەڵبەندی یەکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی تەلەفۆنەوە پێی راگەیەندراوە کە چیتر بەرپرسی مەڵبەند نییە و “لەلایەن سێ کەسەوە هەڕەشەم لێکراوە و خوێنم لە ئەستۆی ئەوانە”.
غازی عەباس، بەرپرسی مەڵبەندی یەکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد کە مەترسی لەسەر ژیانی خۆی و خێزانەکەی هەیە و لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئاگادارکراوەتەوە کە چیتر بەپرسی مەڵبەندەکەی سۆسیالست نییە لە هەولێر.
بە وتەی خۆی، “جێگری پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان [عەبدوڵڵای حاجی مەحموود] کۆمەڵێک کەسی چەکداری لەگەڵە و هەڕەشە لە ئەندامان و لایەنگر و کارگێڕانی حزب دەکات کە هاتووچۆی مەڵەبەندی سۆسیالست نەکەن؛ ئەمڕۆ 10 چەکداری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هێناوە کە بەشێکیان جلوبەرگی زێڕەڤانییان لەبەربووە و چوونەتە ناو بارەگای مەڵبەندی یەکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان و پاسەوانێکی عەبدوڵڵای حاجی محەمەد بە زۆر منی لە بارەگاکە هێناوە دەرەوە”.
غازی عەباس دەڵێت: هەڕەشە لە خۆم و برا و خوشک و خێزانم کراوە و خوێنی من لە ئەستۆی جێگری سەرۆکی حزب و دوو کەسی دیکەیە بەناوەکانی فارس رەحمان حاجی و بایز فەقێ ساڵح.
بە ووتەی بەرپرسی مەڵبەندی یەکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی هەولێر، “تەنها دوو ناوەندی بڕیار دەتوانن ئەو لە پۆستەکەی لابەرن؛ ئەوانیش محەمەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیالست و ئەنجوومەنی رێکخستنی ناوەندی پارتەکەیە”.