زیاتر لە هەزار خێزانی کورد گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان رەتدەکەنەوە

پۆڵەتیک پرێس

بەرپرسێکی کورد بۆ میدیاکانی عێراق ئاشکرایکرد، زیاتر لە هەزار خێزانی کوردی رەتی دەکەنەوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان لە ناحیەی سەعدیەی باکوری رۆژهەڵاتی بەعقوبە بەهۆیکەمی خزمەتگوزاری و مەتسییە ئەمنیەکان.

میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، بەرپرسێکی کورد کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکات رایگەیاند، زیاتر لە دوو هەزار خێزانی کورد لە ناوچەی سەعدیەی باکوری رۆژهەڵاتی بەعقوبە  لەماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٤ بەهۆی هەڕەشە رێکخراوە “تیرۆرستی”یەکان ئاوارەبوون و ناوچەکانیان جێهێشتووە.

دەشڵێت: زیاتر لە هەزار خێزانی کورد ئاوارەی ناوچەکانی خانەقین و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون و دەستیان کردووە بە ژیانێکی نوێ.

باسی لەوەشکرد، ئەو خێزانانە رەتی دەکەنەوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان کە بەدەست کەمی خزمەتگوزاری و خراپی باری ئەمنییەوە دەناڵێنێت.

بەپێی ئامارێکی نیمچە فەرمی، ژمارەی خێزانە کوردە نیشتەجێکانی سەعدییە لە چوار هەزارەوە کەمبووەتەوە بۆ هەزار و ٥٠٠ خێزان.

ئەوەش لەکاتێکدایە رێژەی خێزانە کوردەکانی سەعدییە لە ساڵی ١٩٥٧ نزیکەی ٪٨٠ی دانیشتووانی ناوچەکەیان پێکدەهێنا بەڵام ئێستا لە ٪١٠ تێپەڕ ناکەن.

لەماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ رێکخراوە چەکدارییەکان لەڕێی راوەدوونان و کوشتنی کورد و شیعەکان هەستان بە گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە ناوچەی سەعدییەی باکوری رۆژهەڵاتی بەعقوبە لە عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا