ئەم بابەتە 31 جار بینراوە
پۆڵەتیک پرێس
لە پێناو زیاتر گرنگیدان بە زمان و وێژە و فەرهەنگی کوردی، ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین لە شاری هەولێر، یەکەمین ڤیستیڤاڵی ساڵانەی خۆی لە دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆی سازدەکات لەژێر درووشمی :
دا خەلقی نەبێژتن کو ئەکراد
بێ مەعریفەتن، بێ ئەسڵ و بنیاد
فێستیڤالەکە رۆژی هەینی ٩ ی ئەم مانگە کاتژمێر ٦ ی ئێوارە بەڕێوە دەچێت.
مەم و زین لە ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ وەک کتێبخانە و سەنتەرێکی کولتووریی سەربەخۆی ئەهلی دامەزراوە و لە لایەن چەند گەنجێکەوە خاوەندارێتیی دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت. یەکێکە لە ناوەندە چالاکە کولتوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
کتێبخانەی مەم و زین بە پێنج زمانی جیاواز کتێب دەفرۆشێت، مەم و زین کاری چاپ و بڵاوکردنەوەش دەکات. کافێی مەم و زینیش بەشێکە لە ناوەندەکە، مەم و زین کۆڕ و کۆبوونەوەی ڕۆشنبیریش ساز دەکات و مانگانە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی لێ ئەنجام دەدرێت.
بەرنامەی ڤیستیڤاڵ بریتی دەبێت لە : ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی ساڵێکی مەم و زین، بەخشینی خەڵاتی ڕێزلێنانی ساڵانە، وتەی کەسایەتی و ڕۆشنبیران دەربارەی مەم و زین، بەخشینی دیاری بە ئامادەبووان، پێشکەش کردنی چەند پارچە مۆسیقایەک.
وەک ناوەندەکە ڕایگەیاندووە، ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆنا، ڤیستیڤاڵی مەم و زین کورتخایەن دەبێت و چالاکیی زۆری تێدا نییە، بەڵام بۆ ساڵانی داهاتوو بەرنامەی ڤیستیڤاڵ زۆر فراوانتر دەبێت.