” فرە بازنەیی مەترسی بۆ كورد لەناوچە جێناكۆكەكان دروست دەكات”

پۆڵەتیك پرێس

بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵژاردنەكانی عێراق دەڵێت ئەگەر هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمانی عێراق فرەبازنەیی بێت مەترسی لەسەر دەنگی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان دروست دەبێت.

باسی لەوەشكرد كۆمسیۆن بەهاوكاری نەتەوەیەكگرتووەكان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ رێگری لە ساختەكاری لە كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا.

ئامانج عزیز كریم بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: پرسی یەك بازنەیی یان فرە بازنەیی بۆچوونی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە لەلایەن فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی عێراقەوە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارەی ماددەی 15 ی یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە.

بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتی: تائێستا یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەبووەتە یاسا بەفەرمی چونكە سەرۆككۆمار پەسەندی نەكردووە و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقیش بڵاونەكراوەتەوە، بڕیارە پەرلەمانی عێراق لە چەند رۆژی داهاتوو یاساكە هەمواربكاتەوە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە فرە بازنەیی یان تاك بەزنەیی هەڵبژاردن.

ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن وتیشی: كورسییەكانی كورد بەپێی پارێزگاكان دیاری كراوە بۆ نمونە پارێزگای سلێمانی 18 كورسی بۆ دیاری كراوە، فرەبازنەیی بێت یان تاك بازنەیی كورسییەكانی سلێمانی هەروەكو خۆیەتی، بەڵام ئەگەر فرە بازنەیی بێت لە ناوچە جێناكۆكەكان دەنگی كورد پەرش و بڵاو دەبێت و دەفەوتێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا