وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەبارەی پارەی بەشەخۆراکەوە ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

پۆڵەتیک پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەمڕۆ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی پارەی بەشەخۆراکی مانگانەوە بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە11ی شوبات، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بڵاویکردەوە، “لە لایەن پەرلەمانتارێك و چەند پەیج و ئەکاونتێک هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە بۆ بە لاڕێدا بردنی ڕای گشتی كە وایە پارەی سەبەتەی خۆراك {بایعی} دەخورێت و بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەم ڕوونكردنەوەیە بڵاوبكەیەنەوە”.

یەكەم : بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەڕێکەوتی { 23/10/2022} ڕێككەوتنێك لەنێوان وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆكرا، كە لەو ڕێكەوتە بە دواوە تەواوی داهاتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک و کۆمپانیای گشتی دروستکراوی دانەوێڵە {داهاتی سەبەتەی خۆراك} درایەوە بە وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدراڵ لە بەرامبەردا وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و باركردن و داگرتنی خۆراك و ئارد تا دەگاتە بریكارەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خەرجی نۆژەنكردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانمان بگرێتە ئەستۆ هاوشێوەی فەرمانگە و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق .

دووەم: مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و چل و هەشت هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ، وەزارەتی ناوبرایش بەم شێوەیە بە پێی ڕێنماییەكانیان خەرجی دەكاتەوە :-

-بڕی یەك ملیار و سێ سەد و پەنجا ملیۆن دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی خۆراك لە كۆگاكانمان بۆ بریكارەكان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.

-بڕی یەك ملیار دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی ئارد بۆ بریكارەكانمان لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.

-پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی بازرگانی كەلوپەلی خۆراك{بایعی} لە هەرێمی كورستان كە 371 فەرمانبەرن بڕی دوو سەد و هەشتا ملیۆن دینار وەردەگرن.

-پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی ڕێكخستنی پسولەی خۆراك لە هەرێمی كورستان كە 241 فەرمانبەرن بڕی شەست ملیۆن و دوو سەد و پەنجا هەزار دینار وەردەگرن.

-پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵە(سایلۆكان) كە 356 فەرمانبەرن بڕی نەود و نۆ ملیۆن و شەش سەد و هەشتا هەزار دینار وەردەگرن.

-پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی دروستكراوی دانەوێڵە(ئاشەكان) كە 196 فەرمانبەرن لە هەرێمی كوردستان بڕی بیست و نۆ ملیۆن و چوار سەد هەزار دینار وەردەگرن.

-پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی چاودێری بازرگانی لە هەرێمی كورستان كە 310 فەرمانبەرن بڕی حەفتاو حەوت ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار وەردەگرن.

-پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بازرگانی كە 85 فەرمانبەرن بڕی بیست و سێ ملیۆن و پێنج سەد و حەفتاو پێنج هەزار دینار وەردەگرن

-پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچون كە 85 فەرمانبەرن بڕی دوانزە ملیۆن و شەست و دوو هەزار دینار وەردەگرن.

-پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتی دیوان كە 165فەرمانبەرن بڕی سی و دوو ملیۆن و دوسەد و بیست و پێنج هەزار دینار وەردەگرن.

-پاداشتی نوسینگەی جەنابی وەزیر و بریكارەكان و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتیەكان و یاریدەدەری بەڕێوەبەرە گشتیەكان بڕی پانزە ملیۆن و هەشت سەد هەزار دینار وەردەگرن.

-تەواوی خەرجكردنی پاداشتەكان لەگەڵ دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكدایە لە تەواوی عێراقدا، كە تائێستا 10 سەبەتە دابەش كراوە و لە هەرێمی كوردستان تەنها هەشت بەش دابەشكراوە.

سێهەم: لەبەر گرنگی و هەستیاری بابەتەكە بە ژیانی هاوڵاتیانەوە و بۆ دەرخستنی ڕاستیەكان لیژنەیەكی بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە.

چوارەم: بە مافی خۆمانی دەزانین داوای یاسایی لەسەر تەواوی ئەو كەس و لایەن و ڕۆژنامەنوس و پەیجانە تۆمار بكەین كە بەمەبەست ڕای گشتییان بە لاڕێدا برد و تۆمەت و هەواڵی بێ بنەمایان لە سەر وەزارەتمان دروست كرد.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا