بۆ جاری دەیەم دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی یەکێتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێم کۆدەبێتەوە

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دادبینی بۆ سکاڵایەکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بکات لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تورکمانەکانیش لەترسی سکاڵاکەی یەکێتی دەست بە جوڵە دەکەن.

بڕیارە رۆژی یەکشەممە (11ـی شووباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتن بۆ سکاڵایەکی تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکات.

سکاڵاکە تا ئێستا نۆ جار دادبینی بۆ ئەنجامدراوە، دواین جاریان لە رۆژی یەکشەممە 4ـی شووباتی 2024 بوو کە دواخرا بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی شووبات.

سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب  شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، لایەنی سکالاکار داوای بەنادەستووریناساندنی مادەکانی 1،9،15،22 و 36 دەکەن.

ئەو مادانەی داوادەکرێت بە نادەستووری بناسێندرێن:

ماددەی 1: ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە 111 کورسی پێکدێت.
مادەی 9: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: لە هەرێمی کوردستان سەنتەرەکانی هەڵبژاردن تۆماری ناوی دەنگدەران بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان ئامادە دەکەن.
مادەی 22: هەموو قەوارەیەکی سیاسی لە هەرێم مافی تۆمارکردنی لیستی تایبەتی هەیە بەمەرجێک %30 بەربژێرەکانی لە رەگەزی مێ بن.

مادەی 36: تایبەتە بە کورسی کۆتاکان و تێیدا هاتووە؛ پێنج کورسی کلدان، ئاشووری و سریانییەکان تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان و یەک کوورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن تەرخان دەکرێت و بەربژێرانی سەرجەم پێکهاتە کۆتاکان رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی دەکەن.

سکاڵاکە یەکێکە لەدرێژترین ئەو سکاڵایانەی لە دادگای فیدراڵیی هەن لە ئێستادا، دواخستنی بڕیاردان لە دانیشتنەکاندا نیگەرانیی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتووەتەوە.

هاوکات، تورکمانەکان لەترسی سکاڵاکەی یەکێتی کەوتوونەتە جووڵە و بەپێی نوسراوێکی وەزیری هەرێم بۆ کارووباری پێکهاتەکان کە بەناوی پێکهاتەی تورکمان و مەسیحی و ئەرمەنەکانەوە لە رێککەوتی 5ـی شووبات بڵاوکراوەتەوە، داوا لە کۆمسیۆن دەکرێت کە سکاڵای هەڵبژاردی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە پێکهاتەکان رەتبکرێتەوە.

لەئەگەری پەسندکردنی سکاڵاکەی یەکێتی، هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆسەر یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 1992 کە تێیدا 100 کورسی پەرلەمانی و 5 کورسی کۆتایی بۆ کەمینەی کریستیانەکان بوون کورسی کۆتاکان کە بۆ پێکهاتەی تورکمان و کەمینەکانی وەک (تورکمان، ئاشووری، کلدانی، ئەرمەن) لە هەرێمی کوردستان نامێنێت و دەبێت بە لیستی تایبەت بەخۆیان وەک هەر پێکهاتە و هێزێکی سیاسیی دیکەی هەرێم، بەژداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا