دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێم کۆدەبێتەوە

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، بۆ جاری دەیەم دانیشتنی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و پارتێکی سیاسیی کوردستانیش داوادەکات چیتر بڕیاردان دوانەخرێت.

بڕیارە رۆژی یەکشەممە (11ـی شووباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتن بۆ سکاڵایەکی تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکات.

سکاڵاکە تا ئێستا نۆ جار دادبینی بۆ ئەنجامدراوە، دواین جاریان لە رۆژی یەکشەممە 4ـی شووباتی 2024 بوو کە دواخرا بۆ 11ـی شووبات.

سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، لایەنی سکالاکار داوای بەنادەستووریناساندنی مادەکانی 1،9،15،22 و 36 دەکەن.

ئەو مادانەی داوادەکرێت بە نادەستووری بناسێندرێن:

ماددەی 1: ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە 111 کورسی پێکدێت.
مادەی 9: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: لە هەرێمی کوردستان سەنتەرەکانی هەڵبژاردن تۆماری ناوی دەنگدەران بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان ئامادە دەکەن.
مادەی 22: هەموو قەوارەیەکی سیاسی لە هەرێم مافی تۆمارکردنی لیستی تایبەتی هەیە بەمەرجێک %30 بەربژێرەکانی لە رەگەزی مێ بن.

مادەی 36: تایبەتە بە کورسی کۆتاکان و تێیدا هاتووە؛ پێنج کورسی کلدان، ئاشووری و سریانییەکان تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان و یەک کوورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن تەرخان دەکرێت و بەربژێرانی سەرجەم پێکهاتە کۆتاکان رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی دەکەن.

سکاڵاکە یەکێکە لەدرێژترین ئەو سکاڵایانەی لە دادگای فیدراڵیی هەن لە ئێستادا، دواخستنی بڕیاردان لە دانیشتنەکاندا نیگەرانیی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتووەتەوە.

رۆژی پێنجشەممە (8-2-2024) ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆبووەوە و لە راگەیەندراوێکدا ئومێدەوارن دادگای فیدڕاڵی دۆسیەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکاتەوە و لەژێر ھیچ پاساوێکدا چیتر بڕیاردان لەسەری دوانەخات و وادەی ھەڵبژاردن دیاری بکرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا