پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، تورکیا بە نیازە لە بەهاردا ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورە دژ بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام بدات لە ناوخۆی تورکیا و هەرێمی کوردستان و قەندیل و ناوچەکانی شەنگالی سەر بە موسڵ.
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕاگەیاند، تورکیا بە نیازە لە بەهاردا ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورە دژ بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام بدات لە ناوخۆی تورکیا و هەرێمی کوردستان و قەندیل و ناوچەکانی شەنگالی سەر بە موسڵ، بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت عێراق و هەرێم هاوکاریان بکەن و بەشدار بن لەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامی دەدەن.
وتیشی، هەموو کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکان ئامانج لێی قەناعەت پێکردنیانە بۆ بەشداری شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی پەکەکە. ئەوان دەیانەوێت سەربازی خۆیان پارێزراوبێت هەوڵ دەدەن پێشمەرگە بەکار بهێنن بۆ ئەو شەڕە، گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەوان بە تەنها ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجامی دەدەن لە ڕووی ئاسمانی و زەمینی تا ئێستا نەیانتوانیوە گەریلا لە ناو ببەن.
جەبار یاوەر ئاماژەى بەوەشکردوە، مەترسیەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە دەبینین بەردەوام فڕۆکەی جەنگی تورکیا لەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستانە، و بۆردومانی سنوور و قوڵایی هەرێم دەکات، تەنانەت خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانی، ئەمەش مەترسیە لەسەر خەڵکی هەرێم و سنوورەکانی هەرێم، تا ئێستا 450 گوند چۆڵکراون، جگە لەوەش زیاتر لە 90 هاووڵاتی مەدەنی کوژراو و چەندین برینداریش هەیە، بەمەش گوندەکان بەرەو چۆڵ بوون دەچێت و مەترسی و دڵە ڕاوکێش دروست دەکات، ئەگەر بەهار ئۆپەراسیۆن بکەن ئەوە مەترسی گەورەیە لەسەر هەموو هەرێم.