پۆڵەتیك پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
شەوی چوارشەممە (07-2-2024) ئەمریکا لەرێگەی درۆنەوە هێرشیکردە سەر ئۆتۆمبێلێک لەناوچەی مەشتەلی شاری بەغدا و دواتر دەرکەوت فەرماندەیەکی باڵای کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی تێدابووە و کوژراوە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) پاش هێرشەکە لە راگەیەندراوێکدا بەرپرسیاریەتیی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند، “ئەو کەسەی کوژراوە بەرپرسی درۆنەکانی هێزە میلیشیاکان بووە کە لەرێگەیەوە هێرش دەکرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا”.
لە راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم-دا، هیچ ئاماژەیەک بە کوژرانی هاوڵاتیی مەدەنی نەکراوە و ناوی هیچ کوژراوێکیش نەهاتووە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا دەشڵێت، “دوودڵ نابین لە بەئامانجگرتنی هەر کەسێک کە مەترسی بۆسەر هێزەکانمان لە ناوچەکە درووستبکات”.
بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لەو کەسانەی لە هێرشەکەی ئەمریکادا کوژراوە ناوی ئەبوو باقڕ ساعدییە و پنتاگۆن دەڵێت، “پلانداڕێژەری هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق”.
هەر زوو شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و رایگەیاند دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن لەبارەی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە بەغدا.
کەتیبەکانی حزبوڵڵا یەکێکن لە بەهێزترین هێزە چەکدارە میلیشیاکان لە عێراقدا و بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی خۆیان ناساندووە و لەسەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە چەندین کردەوەی جۆراوجۆریان دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ئەنجامداوە.
گرووپەکە لە ساڵی 2003 دامەزراو و ئەبوو مەهدی مووهەندیس سەرۆکایەتی دەکرد، ؛ لە پاش کوژرانی سەرکردەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە، ئێستا لەلایەن عەبدوولعەزیز محەمەداوی کە ناسراوە بە “ئەبوو فەدەک” سەرکردایەتی دەکرێت.
گرووپەکە لە ساڵی 2009ەوە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە و تۆمەتبارن بە کوشتنی دەیان سەربازی ئەمریکی.