لاهور شێخ جەنگی یاریگایەكی نێودەوڵەتی پێشكەش بە سلێمانی كرد

پۆڵەتیك پرێس
لە كاتی دانانی بەردی بناغەی یاریگا نێودەوڵەتیە نوێیەكەی یانەی نەورۆز، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: وەك هەمیشە و وەك هەموو بوارەكانی تر سلێمانی، پشتگوێ خراوە و غەدری لێ كراوە، ئەمڕۆ لێرەین بۆ لابردنی بەشێك لەو غەدرە و بێ بەشداریی حكومەت، خۆمان یاریگایەكی نێودەوڵەتی پێشكەش بە خەڵكی سلێمانی دەكەین.

پاش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە لە شاری سلێمانی و بە ئامادە بوونی بەڕێزان لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری و دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و چەندین وەرزشكاری شاری سلێمانی بەردی بناغەی یاریگای نوێی یانەی نەورۆز دانرا، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكاتی دانانی بەردی بناغەی یاریگا نوێیەكەدا رایگەیاند: ئەمڕۆ كە بەردی بناغەی یاریگایەكی نمونەیی نێودەوڵەتی لە سلێمانی دادەنێم، یادی شەهیدانی وەرزشكاری یەكێتی، بەرز رادەگرم، كە سێمبولی قارەمانیی و ئازادی و رزگاریی كوردستانن هەڵوێستی جوامێرانە، لە خۆبوردوویی، یەك تیمی، پشوودرێژی و بەرگری كردن، لە كوردستان، رەفتاری بەرزی وەرزشكارانەیەو شان بە شانی ئێوە، ئەم رەفتار و رێبازە دەنرخێنم و رێزی لێ دەگرم.

لە بەشێكی تری وتەكەیدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وتی: لە ئاستی عێراق، گەنجانی كوردستان پێشەنگن و سلێمانی لە هەموو بوارەكان نازناوی پاڵەوانی و قارەمانێتی بۆ خۆی بردووە، لەم شارەدا سەدان وەرزشكاری ناسراو پێگەیشتوون و ناویان لە گۆڕەپانە وەرزشییەكاندا دەروشاوەتەوە لە مێژوودا سلێمانی، خاوەنی كۆنترین یانەی وەرزشییە و زۆر پێش یانەی زەورا، هەولێر، دهۆك، كەركوك و زاخۆ، یانەی وەرزشیی هەبووە، بەڵام بە داخەوە، بە غەدری حكومەتی بەعس و بە كەم تەرخەمیی ئیدارەی یەكگرتووی هەرێم، دوای 64 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دامەزراندنی یەكەم یانەی وەرزشیدا لە سلێمانی، هێشتا یاریگایەكی نێودەوڵەتی لەم شارە وەرزشدۆستەدا، دروست نەكراوە.

هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وتیشی: لە ماوەی رابردوو كە بەندەش هاوكارێكی یانەی نەورۆز بووم، هەوڵمداوە بتوانم، شان بە شانی زامن كردنی گەشەی یانەكە و وەرزشكارانی، بناغەیەكی پتەوی ئابوری بۆ كاروباری وەرزشیی دروست بكەم تا لە كەمتەرخەمیی حكومەتدا، وەرزش بتوانێ لەسەر پێی خۆی بووەستێت. جێی شانازییە و خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ ئاواتێكی گەورەی وەزرشكارانی سلێمانی و ئامانجێكی یانەی نەورۆزم بەدی هێنا و توانیم لەسەر ئەركی یانەی نەورۆز و بە پشتیوانیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەردی بناغەی یاریگایەكی نێودەوڵەتی لە سلێمانی دابنێم.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باسی لەوەشكرد، لە ساڵانی رابردوو لە شارەكانی تر یاریگای نێودەوڵەتی دروست كراون، بەڵام وەك هەمیشە و وەك هەموو بوارەكانی تر سلێمانی، پشتگوێ خراوە و غەدری لێ كراوە ئەمڕۆ لێرەین بۆ لابردنی بەشێك لەو غەدرە و بێ بەشداریی حكومەت، خۆمان یاریگایەكی نێودەوڵەتی پێشكەش بە خەڵكی سلێمانی دەكەین، یانەی نەورۆز ساڵانە ئەنجامی بەرزی بەدەست هێناوەو، بە تەواو بوونی یاریگا نێودەوڵەتییەكەش، پێشكەوتنەكانی بەردەوام دەبن. ئەم یاریگایە دەتوانێت بناغەیەكی پتەوی ئابووری بێت بۆ نەورۆز و هەموو یانە وەرزشییەكانی تری كوردستان وەك چۆن لە چوار ساڵی رابردوو، لە غیابیی پشتیوانیی حكومەت بۆ كایەی وەزرش، لەم سنورە یانەی نەورۆز بۆشاییەكی گەورەی پڕ كردەوە، هاوكاریی زۆربەی یانەكانی كرد، سپۆنسەری خولەكانی كرد و یارمەتی تیپە میللییەكانی دا و نەیهێشت وەرزش لە سلێمانی بكەوێت، داواكارم نەورۆز لەسەر هەمان رێباز بەردەوام بێت و نەهێڵێت تیپە وەرزشییەكان، وەرزشكاران و وەرزشدۆستانی خۆشەویستی ناوچەكە، بێ پشتیوان و بێ كەس بن.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، “ئەمڕۆ، هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ بەشداریمانكرد لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی یاریگای نێودەوڵەتیی نەورۆز، كە لەلایەن لاهور شێخ جەنگی و یانەی وەرزشی نەورۆزە بە بڕی 12 ملیۆن دۆلار و لە رێگەی دو، كۆمپانیای خۆماڵییەوە جێبەجێ دەكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا