بەردی بناغەی یاریگای نەورۆز دانرا

پۆڵەتیك: سپۆڕت
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە نزیك گەڕەكی بەكرەچۆی شاری سلێمانی و بە ئامادە بوونی بەڕێزان لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی یانەی نەورۆز و دكتۆر هەڤاڵ ئەبو بەكر پارێزگاری سلێمانی و حەمەی حەمە سەعید وەزیری ڕۆشنبیری حاجی كوردستان سێوكانی و چەندین وەرزشكاری شاری سلێمانی بەردی بناغەی یاریگای نوێی یانەی نەورۆز دانرا.

سەرەتای مەراسیمەكە بە وتەیەك لە لایەن وەرزشكاری دێرین دلێر عەبدوڵا نوێنەری یانەی نەورۆزەوە دەستی پێ‌ كرد تیایدا ئاماژەی بە هەوڵەكان دا بە مەبەستی دروست كردنی یاریگایەكی نوێ‌ بۆ یانەكەیان كە پاش كۆبوونەوەی چڕوپڕ لەگەڵ سەرۆكی یانەكە و ئەنجومەنی بەڕێوە بردنی یانەكە توانرا ئەو خەونە بێتە دی.

پاشان بەڕێز لاهوری شێخ جەنگی سەرۆكی یانەكە لە وتەیەكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەوان لە سۆنگەی خەمخۆرییان بۆ وەرزشی شارە حەیاتەكەی سلێمانی و بە مەبەستی پێشكەش كردنی یاریگایەكی مۆدێرن و نوێ‌ بە وەرزش و وەرزشكارانی شارەكە و كوردستان و عێراق بڕیاریان داوە ئەو یاریگایە دروست بكەن بە هیوای ئەوەی لە داهاتوودا ببێتە یاریگایەكی جوان بۆ خزمەتی وەرزش و وەرزشكاران هەروەك سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەی كرد كە هاوكار و خەمخۆر بوون لە پێناو سەرخستنی ئەو پڕۆژەیەدا.

دواتر بەڕێز دكتۆر هەڤاڵ ئەبو بەكر پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی یەكەی ئیدارەی شارەكە سوپاسی لایەنی بڕیاردەر و لایەنی جێبەجێكاری ئەو پڕۆژەیەی كرد هیوای ئەوەی خواست لە داهاتوودا پڕۆژەی تر و هاوشێوەی ئەو یاریگایە شارە جوانەكەی سلێمانی بڕازێنێتەوە و هەموان كار بۆ جوانتر و جوانتر پێشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی سلێمانی بكەن بە ئاشتی و بە یەكێتی و بە تەبایی دوور لە بیری تەسكی حیزبایەتی.

جێی باس كردنە هەروەك دوێنێ‌ چوار شەممە لە دیدارێكی Politic Sport لەگەڵ هێرش هەورامی جێگیری سەرۆكی یانەی نەورۆز ئەنجامی دابوو ناوبراو باسی لە ماوەی دروست كردنی یاریگاكە كرد كە 18 مانگ دەكات واتا ساڵێك و 6 مانگ.

 

تێبینی/ تەواوی مەراسیمەكە بە ڕاستەوخۆ لە پەیجی تایبەتی پێگەی Politic Sport هەیە و سەردانیكەرانی پەیجەكەمان دەتوانن بینەری تەواوی بن.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا