پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بڕیارە سبەینێ یەکشەممە4ی شوبات، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەسەر ئاساتی باڵا لە سلێمانی لە دەباشان کۆببنەوە، پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس زانیاری ورد لەبارەی ناوەڕۆک و هۆکاری کۆبوونەوەکە ئاشکرادەکات.
پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس لە سلێمانی ڕایگەیاند، بڕیارە سبەینێ کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەباشان بەڕێوەبچێت.
ئاماژەی بەوەکرد، وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتین لە، فازڵ میرانی، جەعفەر ئیمینکی، مەحمود محەمەد و ئازاد بەرواری، هاوکات لەلایەن وەفدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، رەفعەت عەبدوڵا، ئاسۆ مامەند و دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ پێشوازییان لێدەکرێت.
ڕوونیکردەوە، ئەوەی تائێستا ڕوونە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیستیمانی کوردستان پێشوازی لە وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، بەڵام تائێستا ڕوون نییە ئایا سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات لەگەڵ فازڵ میرانیدا یاخود نا.
جەختیکردەوە، کۆبوونەوەکەی سبەینێ چەندین تەوەری گرنگ لەخۆدەگرێت لەوانە، پرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، کورسی پێکهاتەکان، پرسی پارێزگای کەرکوک و نینەوا و یەکێتی و پارتی سبەینێ باس لەوەدەکەن پێکەوە وەکو دوو هێزی سەرەکی کوردی یەک دەنگ و هەڵوێست بن بۆئەوەی بتوانن لەو دوو شارە دەنگی کورد نەفەوتێت.
هاوکات، تاوتوێکردنی ڕەوشی هەرێمی کورستان و ئەو مەترسییانەی لەسەر ناوچەکەن تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیە، چونکە ماوەیەک دۆخی ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستان ناجێگیرە، بەتایبەتی لەدوای ئەو هێرشانەی بۆ سەر هەولێر و هێزەکانی هاوپەیمانان ئەنجامدراوە، هەروەها لە بەرامبەردا هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر بنکە و بارەگای گروپە چەکدارەکان.