ئەفغانستان..وڵاتە پەراوێزخراوەكە بۆچی چین گرنگی پێدەدات؟

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

چین كار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەكانی لەگەڵ ئەفغانستان دەكات، لە كاتێكدا زۆربەی وڵاتانی جیهان لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات دانیان بە حكومەتی تاڵیباندا نەناوە.

چین پەیوەندییەكی باش لەگەڵ ئەفغانستان دەپارێزێت، بەردەوام كۆبوونەوەی وەزاری و گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەكانی ئەو وڵاتە دەكات سەبارەت بە ڕێگاكانی پەرەپێدانی بازرگانی دوولایەنە و وەبەرهێنانی گەورەی چینی لە مس و كردنەوەی ڕێگایەك لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

پەكین كاردەكات بۆ زیادكردنی وەبەرهێنانەكانی لە ئەفغانستان، پەیوەندییەك كە دەتوانێت سوودی بۆ هەردوو لایەن هەبێت، بەپێی شرۆڤەكاران و دیپلۆماتكاران.

ڤالێری نیكوێت، شرۆڤەكاری دامەزراوەی توێژینەوەی ستراتیژی لە پاریس، ڕایگەیاند: ئەفغانستان هەرێمێكە كە ئاستەنگەكانی تێدایە، بەڵام تایبەتمەندی جیاوازی چینییەكان ئەوەیە كە دەچنە ئەو شوێنەی كە كەس ناچێتە ئەوێ، لە هەوڵێكدا بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت. ئەوەشی زیادكرد چینییەكان دەستیان بۆ ئەفغانییەكان درێژ دەكەنەوە كە پێویستیان بە هەموو هاوكارییەك هەیە.

لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، چین بووە یەكەم وڵات كە باڵیۆزی لە كابول دیاریكرد

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین وتی: من باوەڕم وایە كاتێك نیگەرانییەكانی هەموو لایەنەكان زیاتر چارەسەر بكرێن، دانپێدانانی دیپلۆماسی بە حكومەتی ئەفغانستان بە شێوەیەكی سروشتی دێتە ئاراوە.

ئامانجی چین ئەوەیە كە بتوانێت دەستی بە سامانی ئەفغانستان بگات كە سەرچاوە كانزاییە بەكارنەهێنراوەكانە، هەروەها بازاڕێك بۆ كاڵا چینییەكان بكاتەوە.

جەلال بازوان، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی كاردان لە كابول ڕایگەیاند، سەرچاوە سروشتییە بەرفراوانەكانی ئەفغانستان وەك مس و لیتیۆم و زەوییە دەگمەنەكان توانایەكی گەورەی ئابوورییان هەیە بۆ چین.

ئەشرەف حەق شناس، وتەبێژی وەزارەتی كارە گشتییەكان ڕایگەیاند، ڕێگایەكی 300 كیلۆمەتری كە لە قۆناغی دروستكردندایە، بەدەخشان بە سنووری چینەوە دەبەستێتەوە.

هەردوو وڵات سنوورێكی هاوبەشیان هەیە كە تەنها 76 كیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، بەڵام ئەم پەیوەندییە نوێیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بازرگانی، كە لە ئێستادا بەهای ساڵانە یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە.

لە چوارچێوەی نزیكبوونەوەكەدا، پەكین “هێزی نەرم”ی خۆی بەسەر ئەفغانستاندا بە دابینكردنی هاوكارییە مرۆییەكان بە تایبەت دوای بوومەلەرزە كوشندەكانی ئەم دواییە بەكاردەهێنێت.

هەروەها ڕەنگە ئەفغانستان بخرێتە ناو ڕێڕەوی ئابووری چین و پاكستانەوە كە بەردی بناغەی پڕۆژەكە پێكدەهێنێت و بەرەو بەندەری ستراتیجی گوادار دەڕوات كە ڕێگە بە چین دەدات بچێتە دەریای عەرەبی لە باشووری پاكستان.

توێژینەوەیەكی ئەمریكی بڵاوكراوەتەوە بەهای كانەكانی لیتیۆم لە ئەفغانستان – كە هێشتا كانگایان لێنەكراوە – بە نزیكەی یەك ترلیۆن دۆلار خەمڵاندووە، چونكە نرخی یەك تۆن لەم مادەیە كە بۆ پاتری ئۆتۆمبێل و مۆبایل پێویستە، لە نێوان 13 بۆ16 هەزار دۆلار لە چین.

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەكان، سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، نوێنەری كۆمپانیا چینییەكان بە ڤیزەی تایبەت گەیشتوونەتە ئەفغانستان، و لەو ناوچانەی كە كانەكانی لیتیۆمیان تێدابووە، ڕووپێوییان ئەنجامداوە.

سەرچاوەیەكی حكومەتی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا 5 كۆمپانیای چینی نوێنەریان لە ئەفغانستان هەیە، لانیكەم 20 كۆمپانیای چینی كە خاوەندارێتی دەوڵەت و كەرتی تایبەت دەكەن، پرسیاریان لەبارەی پڕۆژەكانی لیتیۆم لەو وڵاتەدا كردووە.

كۆمپانیا بیانییەكان توانا لاوازەكانی ئەفغانستان لە كەرتی كانگا و ڕووپێوی جیۆلۆجیدا دەقۆزنەوە، ئەمە جگە لە كەمی كارمەندانی تەكنیكی ئەفغانی

پێنج ناوچەی ئەفغانستان بە ناوەكانی پارێزگای هێرات، دۆڵی سەلانك، ناحیەی تەكاب، پارێزگای كاپیسا، قەزای ناهور، پارێزگای غەزنی، و پارێزگای بەدەخشان، كانگای لیتیۆمیان تێدایە، جیۆلۆجیەكان قەزای نەهور لە غەزنی بە گرنگترین كانگای لیتیۆم دەزانن لە وڵاتەكەدا.

كۆمپانیا بیانییەكان توانا لاوازەكانی ئەفغانستان لە كەرتی كانگا و ڕووپێوی جیۆلۆجیدا دەقۆزنەوە، ئەمە جگە لە كەمی كارمەندانی تەكنیكی ئەفغانی.

چین كە دەیەوێت لە چوارچێوەی پڕۆژەی پشتێن و ڕێگادا بگاتە بازاڕە جیاوازەكان، هەوڵدەدات ڕێڕەو و ڕێگای بەدیل دروست بكات، هەروەها پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی كیشوەری ئاسیا دامەزراندووە و یەكێك لە ئامانجە گرنگەكانی لە ناوچەكەدا ئەوەیە بۆ دروستكردنی تۆڕێكی ڕێگاوبان كە بتوانێت دەستی بگات بە بازاڕە جیهانی و ناوچەییەكان.

دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان، چین بە چەندین هۆكار چاوی لەسەر كابول دانا، گرنگترینیان مەودای جوگرافیای وڵاتەكەی و وەبەرهێنان لە ئەفغانستان و دروستكردنی ڕێگایەك لە ڕێڕەوی واخان كە كورتترین ڕێگایە بۆ پەكین .
ئەفغانستان چەندین جار ڕووبەڕووی كێشەی بازرگانی لەگەڵ چین بووەتەوە لە ڕێگەی پاكستانەوە و پەیوەندییە سیاسییە ئاڵۆزەكانی ئەفغانستان و پاكستان بۆ ماوەی دوو دەیە زیانی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتیشی گەیاندووە.

ڕێگای واخان گرنگییەكی زۆر بۆ ئەفغانستان هەیە و ساڵانە 6 ملیار دۆلار و ژمارەیەكی زۆر هەلی كار بۆ هاووڵاتیانی نیشتەجێی ئەفغانستان دەڕەخسێنێت لە پارێزگای بەدەخشان لە ئەفغانستان.

پێشبینی دەكرێت ڕێڕەوی وەخان پێگەی ئەفغانستان لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ زلهێزە گەورە و ناوچەییەكان بەهێزتر بكات، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە جیهانییەكان، هەروەها دەكرێت ئەو ڕێگایە لە داهاتوودا وەك ڕێڕەوێكی ترانزێتی نێوان ئێران و هیندستان بۆ ئاسیای ناوەڕاست كەڵكی لێوەربگیرێت. هەروەها ئەم ڕێگایە دەتوانێت ئاسانكاری بكات بۆ هاوكاری نێوان چوار وڵاتی هاوسنوور لەگەڵ ڕێڕەوی واخان: چین، ئەفغانستان، پاكستان و تاجیكستان.

لە ڕووی جوگرافیاوە ڕێڕەوی وەخان ناوازەیە، چونكە دەكەوێتە یەكتربڕی ئەو چوار وڵاتە، بەهایەكی مێژوویی گەورەی هەیە بەو پێیەی بەشێكە لە ڕێگای ئاوریشمی كۆن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا