پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هێزی دەریایی ئێران، لە کەنداوی عومان، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت کە نەوتی خاوی عێراقی لە بەندەرێکی شاری بەسرەوە بارکردبوو بۆ ئەوەی بیباتە تورکیا. ئێران دەڵێت، بەم رێگەیە تۆڵە لە ئەمریکا دەکاتەوە کە بە وتەی خۆی، پار لە هەمان ئەو کەشتییەدا، ئەمریکا نەوتی ئێرانی “دزیبوو.”
رۆژی پێنجشەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2024، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند: هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر بنەمای فەرمانێکی دادگا، لە سنوورە ئاوییەکانی کەنداوی عومان، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت.
هێزی دەریایی بەریتانیا و رێکخراوێکی ئاساییشی دەریاگەری ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەک چەکدار بە جل و دەمامکی رەشەوە، هەڵیانکوتاوەتە سەر کەشتییەکە و هەموو کامێراکانی چاودێریی کەشتییەکەیان داپۆشیوە، داتاکانی مانگی دەستکردیش پیشانیدەدەن کە کەشتییەکە بەرەو بەندەری جاسک-ی باشووری ئێران بردراوە.
پێشتریش تاران و واشنتن کێشەیەکی یاسایی گەورەیان لەسەر ئەو کەشتییە هەبووە.
کەشتییەکە جاران بە سوێز راجان دەناسرا. بۆ ماوەی ساڵێک ئەمریکا و ئێران لەسەری ناکۆک بوون، تاوەکو لە کۆتاییدا وەزارەتی دادی ئەمریکا بڕیاریدا دەست بەسەر یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ناو کەشتییەکەدا بگرێت.