پۆڵەتیك پرێس
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، لەگەڵ پارتی رێككەوتنێكیان بۆ پێكهێنانی حكومەت واژۆ كردووە، بەڵام خاڵەكانی رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە.
ئەو وتانەی لاهور شێخ جەنگی لەمیانەی كۆبونەوەیەكیدا هات كە لەگەڵ دەیڤد كۆپلی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق ئەنجامیدابوو.
لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پەرەسەندنەكانی گۆڕەپانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و ئەمنی وئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق تاوتوێكران.
لە بەشێكیتری كۆبونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر رۆڵی هەموو هێز و لایەنە عێراقیەكان بۆ كۆتایهێنان بەو هێرش و پەلاماردانانەی كە بونەتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆسەر دیبلۆماتكار و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش.
لاهور شێخ جەنگی بە گرنگیەوە باسی لە رۆڵی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش كرد
لای خۆیەوە لاهور شێخ جەنگی بە گرنگیەوە باسی لە رۆڵی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش كرد لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی چەكدارانی داعش لەعێراق و هەرێمی كوردستان و مانەوەو بەردەوامی و ئامادەیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە گرنگ و پێوستزانی بۆ كۆتایهێنان و بنبڕكردنی هەموو شانە نووستوەكانی داعش.
هاوكات لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی هەڵبژاردنە پێشوەختەكانی داهاتووی عێراق كە وابریارە لە كۆتایی ساڵی داهاتوو بەرێوەبچێ، هەردوولا هاورابوون لەسەر رەخساندنی ژینگەیەكی ئیجابی و لەبار بە تێگەیشتن و بەشداری هەموو لایەنەكان بۆ بەرێوەچوونی ئەو پرۆسە دیموكراتیە لە عێراقدا ، جەختیشكرایەوە لەسەر پشتیوانی حكومەتی عێراق و هەوڵەكان بۆ لابردنی ئەو بەربەستانەی كە دێنە بەردەم كابینەكە لە پیناو سەقامگیریی سیاسی و ئابوری لە وڵاتدا.
لاهور شێخ جەنگی: بە پەسەندكردنی بودجەی ٢٠٢١ ئایندەیەكی باش بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەڕەخسێنێت
لەبارەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم، جەختكرایەوە لەسەر كۆتایی هێنان بەو كێشانە لەرێگەی دیالۆگ و دانوستان و گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی بە رەچاوكردنی دەستور .
لاهور شێخ جەنگی بەردەوامی كۆبونەوەكانی نێوان هەردوولای بە ئیجابی وەسفكرد كە هەنگاوی باشنراوە بەرەو رێككەوتن، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە بە پەسەندكردنی بودجەی ٢٠٢١ ئایندەیەكی باش بۆ پەیوندییەكانی هەرێم و بەغدا دەڕەخسێنێت.
لاهور شێخ جەنگی: لە هەوڵداین ئەو خاڵانە جێبەجێبكرێت بۆ ئەوەی یەكێتی ناچار نەبێت بیر لە وەبكاتەوە كە هەڵوێست وەربگرێت
لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتیشەوە، لاهور شێخ جەنگی وتی، “وەك یەكێتی كە بەشداربووین لە حكومەتی هەرێم زیاد لە پێویست بەرپرسیارییەتیمان لە ئەستۆ گرتوە، بەشداریكردینیشمان لە كابینەی نۆیەم بەپێی رێككەوتنێكی ئیمزاكراوبووە و هەردوولا لەسەری رازیبووین، كە چەند خاڵێكی گرنگی لەخۆگرتووە لەوانە مەسەلەی چاكسازیی و لامەركەزیی دارایی و كارگێڕیی”.
دەشڵێت، “بەداخەوە تا ئێستا جێبەجێنەكراون و ئێمە لە هەوڵداین كە ئەو خاڵانە وەك خۆی جێبەجێبكرێت بۆ ئەوەی یەكێتی ناچار نەبێت بیر لە وەبكاتەوە كە هەڵوێست وەربگرێت لەبەرامبەر جێبەجێنەكردنی خاڵەكانی رێككەوتنەكە”.