پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین، هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆسەر کەشتییە بارهەڵگرەکانی دەریای سور و بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (11-1-2024)، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 48 سەنت و بە رێژەی ٪048 بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 32 سەنت و بەرێژەی ٪0.45 بەرزبووەوە و گەیشتە 71 دۆلار و 69 سەنت.
یپ جون رۆنگ، شیکەرەوەی بواری ووزە لە کۆمپانیای راوێژکاری IG لەبارەی پێشبینییەکان بۆ نرخی نەوت ووتی، “پێشبینی دەکرێت نرخەکان لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بەهۆی بەردەوامی لە شەڕ و ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناڕوونی داتاکانی پەیوەست بە ئابووری وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی و کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان، بە ناجێگیری بمێنێتەوە”.
شەوی رابردوو حوسییەکانی یەمەن بە 21 مووشەک هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری نەوت لە باشووری دەریای سوور.
هێرشەکە لەلایەن هێزی دەریایی بەریتانیا و ئەمریکاوە تێکشکێندرا و گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، ئەمە گەورەترین هێرشی چەکدارانی حوسییەکانی یەمەن بووە لەوکاتەوەی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین دەستی پێکردووە.
شایەنی باسکردنە، سبەی هەینی 12-1-2024، چین تەواوی داتاکانی پەیوەست بە ئابووری و پیشەسازیی وڵاتەکەی لە ساڵی 2023دا بڵاودەکاتەوە کە تێیدا بڕی خواست و بەکارهێنانی نەوت و سووتەمەنییەکانی دیکەی ئەو وڵاتە لەو ساڵەدا رووندەکرێتەوە، شارەزایان پێشبینی دەکەن بە بڵاوکردنەوەی ئەو داتایانە لەلایەن چینەوە، تا ڕادەیەک جێگیری و روونی لە پێشبینییەکان سەبارەت بە نرخی ئەو کاڵا ستراتیژییە درووستببێت.