بەردی بناغەی یاریگای نەورۆز دادەنرێت

پۆڵەتیك: سپۆڕت
یانەی وەرزشی نەورۆز كە یەكێكە لە یانە دیارەكانی شاری سلێمانی و كوردستان پاش ئەنجامدانی چەندان و چەندان كۆبوونەوە و ئەنجامدانی دیدار و سێرچ كردن بە مەبەستی دەستەبەر كردنی زانیاری ورد لە بارەی دۆزینەوەی میكانیزمی دروست كردنی یاریگایەكی ستاندارد و نێو دەوڵەتی دواجار بڕیاری دا سبەی پێنج شەممە سەعات 4 ی پاش نیوەڕۆ لە پشت ماجدی مۆڵ گەورە ماركێتی شاڕێی گەیشتن بە شاری سلێمانی لە دەروازەی گەڕەكی بەكرەجۆ بەردی بناغەی یاریگاكەی دابنێت.

هێرش هەورامی یاریدەدەری سەرۆكی یانەكەی شاری سلێمانی لە دیمانەیەكدا بە Politic Sport ی ڕاگەیاند: (یاریگایەكی نوێ‌ دەكەینە دیاری بە شاری وەرزش و هونەر و ڕۆشنبیری یاریگایەك كە نموونەی یاریگای سەردەمیانە و نێو دەوڵەتی دەبێت و بە ستانداردی FIFA دروست دەكرێت لە سەر ڕووبەری 35.611 هەزار مەتر دووجا بە تێچووی 12 ملیۆن دۆلار لە سەر شێوازی یاریگاكانی ئینگلتەرا بە تایبەتیش لە شێوەزای یاریگای ئانفێڵد ڕودزی تایبەت بە یانەی لیڤەرپول دەبێت و هاندەر نزیك دەبێت لە لاكیشە سەوزەكەی یاریگاوە).

PS/ كەواتە یاریگاكە كراوەیە و هاندەران دەتوانن لە نیوەی یارییەكاندا ڕابكەنە نێو یاریگاوە؟

هێرش هەورامی: (نەخێر شێوازی یاریگاكە كۆنتڕۆڵ كراوە و هیچ جۆرە شتێكی لەو شێوەیە ڕوو نادات، چونكە تەنها و تەنها بۆ تۆپی پێ‌ دروست دەكرێت).

PS/ كەواتە یاریگاكەتان هیچ جۆرە یارییەكی تری تیادا ناكرێت؟

هێرش هەورامی: (نەخێر بە هیچ جۆرێك؟ ئێمە یاریگاكەمان بۆ تیپی تۆپی پێمانە بۆیە تەنها بۆ ئەویش دروست دەكرێت تراك و هیچ جۆرە شێوازێكی تری یاری تیادا نییە كە لە یاریگا ئۆڵۆمپییەكاندا بوونی هەیە).

PS/ كۆمپانیای جێبەجێكار بیانییە یاخود ناوخۆیی؟

هێرش هەورامی:(ئێمە لەگەڵ هەردوو كۆمپانیاكانی سەرگەڵو و كۆنسوڵ كە دوو كۆمپانیای ناوخۆیین ڕێككەوتووین ئەوانیش خۆیان لەگەڵ كۆمپانیای بیانی گفتوگۆیان لە نێوان دایە بە تایبەت بۆ چیمەنی یاریگاكە كە چیمەنی سروشتی یە كار بۆ ئەوە كراوە لە وڵاتی ئۆكرانیاوە بهێنرێت دیارە ئەوانیش لەگەڵیان بەشدار دەبن ئێمە تەنها چاودێرییان دەكەین تا بزانین كارەكانیان بە باشی بەڕێوە دەبەن یاخود نا هەر كەمتەرخەمییەك بێگومان سزای دەبێت و لێیانی قبوڵ ناكەم، چونكە من بەرپرسی یەكەمم لە بەردەم سەرۆكی یانە كە ئەو متمانەیەی پێ‌ داوم بۆیە دەبێت كارەكانیان باشترین كار بێت ئەو كات OKAY دەدەمێ‌ دەنا هەروا لێیانی وەرناگرم).

PS/ لە دەوری یاریگاكە چی دەبێت هیچ هەیە یاخود دەبێت كە هاندەر هات بۆ یاریگاكە كە پێ‌ دەچێت ژمارەی كورسییەكانی یاریگاكە بۆ خۆی بەس بێت كە خەڵك سەیارەیان لەو گەڕەك و لەو ناوچەیە بڵاو بكەنەوە تا بگەنە یاریگاكە ئایا ڕەچاوی ئەو دۆخە دەكەن؟

هێرش هەورامی: (بەڵێ‌ بە دڵنیاییەوە هەموو شتێكمان دیراسە كردووە لە ئێستادا كاروباری زەوییەكە بە كۆتا نەهاتووە ئێستاش خەریكین هەر لەگەڵ ئەوەشدا بە نیازین زەوی دەوروبەری یاریگاكە سوود لێ‌ وەربگرین بۆ چەند شتێك لەوانە:
1 – یاریگایەكی بچووكی مەشق
2 – پاركێكی گەورە بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمۆبێلی هاندەران بە ژمارەیەكی زۆر و بێ‌ شومار كە بە ژمارەی كورسییەكانی یاریگاكە بێت كە 12 هەزار كورسی یە
3 – باخچەیەكی گەورە و سەوزایی ئەمەیان من خۆم زۆر سورم لە سەری دەكەوێت ئەو ناوچەیە سەوز بكەین و كاری جدیشی لە سەر دەكەم
4 – میوانخانەیەكیش دروست دەكەین تا ئەو تیپ و یانە میوانانەی كە دێن بە ئاسودەیی هاتوچۆ بكەن دوور لە هەموو بەركەوتنێك كە بێزاریان بكات
5 – ناوچەیەكی داخراو دروست دەكەین تایبەت بێت بە چوونە ژوورەوەی پاسی تایبەتی میوانەكانمان

ئەمانە و چەندان و چەندان كاری نوێ‌ كە وا بكات هەم لە سەر ئاستی كوردستان هەم لە سەر ئاستی عێراق یاریگاكەمان ببێتە یاریگایەكی ناوازە تەنانەت هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردە میوانەكانیشی بتوانن بێنە شارە حەیاتەكەی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی یارییەكانیان).

PS/ كەواتە ئێوە لەگەڵ لەگەڵ بەرپرسانی وەرزشی عێراقیش قسەتان كردووە سەبارەت بە یاریگا نوێیەكە؟

هێرش هەورامی: (بێگومان تەنانەت بۆ سبەی بانگهێشتنامەی ڕەسمیشمان ئاراستەی هەریەك لە:
1 – سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق
2 – وەزیری وەرزش و لاوان
3 – سەرۆكی كاربەڕێكەری یەكێتی تۆپی پێی

كردووە بە هیواین ئامادە بن ئەگەر چی چەند پاساوێك هەیە كە نەیەن، بەڵام كاپتن عەدنان درجال وەزیری وەرزش و لاوان بەڵێنی داوە لە هەفتەی داهاتوو سەردانی سلێمانی بكات و بێت بۆ بینینی وردەكاری نەخشەكان و نەخشەسازی یاریگاكە ئەمە سەبارەت بە عێراق

لە سەر ئاستی ناوخۆش:
1 – بەڕێز دكتۆر هەڤاڵ ئەبو بەكر وەك پارێزگاری شاری سلێمانی و سەرۆكی گەورەترین یەكەی ئیداری شارەكە ئامادە دەبێت
2 – وەرزشكارە دێرینەكان بە خۆشحاڵییەوە
3 – یەكێتی تۆپی پێی عێراق – لقی سلێمانی
4 – نوێنەری یانەكان و چەند میوانێكی ئازیزی تر
هەموان لەم كەرنەڤاڵە ناوازە و مێژووییەدا میوانی یانەی نەورۆز دەبن بە خۆشحاڵییەوە).

PS/ هەموو شتێكمان وت ئەی ماوەی دروست كردنی یاریگاكە چەندە؟

هێرش هەورامی: (20 مانگ واتا ساڵێك و 8 مانگ ئەگەر كێشە و ئاستەنگی نەیەتە ڕێ‌ و دۆخێكی نەخوازراوی وەك ئەوەی لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی كڕۆنا ڕوویدا دروست نەبێتەوە ئەوا لە وادەی خۆیدا یاریگاكەمان بە ڕووی هاندەران و وەرزشكاران و وەرزش دۆستانی سلێمانی و كوردستان و عێراق دا دەكرێتەوە).

PS/ ئەی ناوی چی دەبێت خۆ ئانفێڵد نابێت؟

هێرش هەورامی: (تا ئێستا 3 ناومان لە بەردەمە دڵنیام تا كاتی تەواو بوونی یاریگاكە یەكێك لە ناوەكان دەبێتە ناوی مێژوویی بۆی كە هەرسێكیشیان ناوی پەیوەستن بە شاری سلێمانی و خەبات و بەرخودان و قوربانی دانی شارەكە چ لە ڕووی وەرزشی یاخود خەباتەوە).

جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوە بكرێت كە لە ئێستادا یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی لە سەر یاریگای كەمال سەلیمی كۆن كە ئێستا ناوی یاریگای زانكۆیە یارییەكانی ئەنجام دەدات.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا