پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ درۆنێکی بۆمبرێژکراو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خراوەتە خوارەوە، مقاوەمەی ئیسلامیش هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و دەڵێت، هێرشەکانیان “بەردەوام دەبن.”
رۆژی یەکشەممە 31-12-2023 دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، کاتژمێر 04:54 خولەکی ئێوارە درۆنێک کە لە لایەن “میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە” ئاراستەی بنکەی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێڕ کرابوو، تێکشێکندرا و خرایە خوارەوە.
دوای هێرشەکە، مقاوەمەی ئیسلامی کە گرووپێکی چەکداری شیعەیە ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، “لە وەڵامدانەوەی ئەو تاوانانەی دوژمن لە دژی خەڵکی غەززە دەیانکات، هێرشمان کردووەتە سەر بنکەی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و جەخت لەوەدەکەینەوە لە وەڵامدانەوەی کردەوەکانی دوژمنان و لەنێوبردنیان بەردەوام دەبین.”
ئەو هێرشە لە کاتێکدایە، کاژێر 11:45ی شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام – هەولێر، بەڵام جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووە.