پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت: “پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە، هەروەها دەست بە دانوستانەکانمان دەکەین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا و هێڵی سوورمان بۆ هیچ لایەک نییە، چونکە سیاسەتی یەکێتی ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیانە.
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: لە ناوچە دابڕێندراوەکان سەرکەوتنێکی باشمان بەدەستهێناوە، ئەمە سەرکەوتنی هەموو کوردە نەک تەنها یەکێتی، هەروەها بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هەنگاوەکان بەو ئاڕاستەیە دەبن کە ئیدارەیەکی خزمەتگوزار بێتە کایەوە و خزمەتی هەموو پێکهاتەکان بکات بێ جیاوازی، بەجۆرێک ئیدارەیەکی بنکە فراوان بێت کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن، وەک لە پەیامەکەی سەرۆک بافڵدا هاتووە رەنگدانەوەی چەپکە گوڵەکە بێت.
لەتیف نێروەیی وتی: بە دڵنیاییەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدوای سەری ساڵەوە بەرنامەی خۆی هەیە و لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان و هەموو پێکهاتەکان دەست بە دانوستان دەکات، هەروەها شێوازی دانوستانی یەکێتی لە پارێزگا جێناکۆکەکان جیاوازە، چونکە لە هەر چوار پارێزگا جێناکۆکەکە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە و لە کەرکوکیش دەمانەوێت بە پێی قەبارەی خۆمان بەشداری پێکهێنانی ئیدارەی شارەکە بکەین.
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی وتیشی: لێکتێگەیشتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و و پارتی دیموکراتی کوردستان وادەکات لە کەرکوک و نەینەوا دەستکەوتی باش بۆ کورد هەبێت، هەروەها وەکو یەکێتی هێڵی سوورمان بۆ هیچ لایەنێک نییە، پێشتریش وابووە.
ئاماژەی بەوەشدا: دوای ریفراندۆم دەسەڵاتێک هەبووە لە کەرکوک کە هیچی بۆ شارەکە نەکردووە، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی کورد دا چەندین خزمەتگوزاری پێشکەشی شارەکە کراوە و لە هەموو بوارەکاندا بەرەوپێش چووە، بەڵام لە کاتی دەسەڵاتی عەرەبدا شارەکە وانەبووە و خزمەتگوزاری نەبووە و توندوتیژی زیادی کردووە.
لەتیف نێروەیی وتیشی: پارێزگاری کەرکوک بە دڵنیاییەوە پشکی کورد دەبێت، ئێمە دڵنیاییمان داوە بە عەرەب و تورکمان کە قۆرغی دەسەڵات ناکەین، هەروەها ئەوەی تا ئێستا گوێمان لێبووە لایەنەکان ئامادەی دانوستانن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڵوێستی ئەوان تائێستا ئەرێنییە، سیاسەتی یەکێتیش ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیانە و ئەوانیش پێشوازی لەو سیاسەتە دەکەن.
جەختی کردەوە، هەوڵ دەدەین رێککەوتنی سیاسی بکرێت، هەرکەسیش بیەوێت ئیرادەی خۆی بسەپێنێت دواتر پەشیمان دەبێتەوە و پێشتریش ئەوە روونبووەتەوە، هەروەها ئێمە تەداخول لە کاری کۆتا و پێکهاتەکان ناکەین.
هێمای بەوەشکرد، یەکێتی دەست بە خولێکی دانوستان دەکات لەگەڵ هێز و لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن لە ناوچە دابڕێندراوەکان”.
وتیشی: بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رازین، دەنگدەکانی ئێمە دەنگی قۆناغی دوای کۆنگرەی پێنجەم بوو، دوای کۆنگرە خاوەنی یەک تیم و ئیرادە و سەرۆکین، سەرکردایەتی ئێمە لەناو خەڵکدابووین و خەڵکیش بڕوایان پێکردووین، هانامان نەبردووە بۆ زمانی زبر و وەڵامدانەوە و سەرکەوتنێکی دیارمان بەدەستهێناوە.