متمانە چاوەڕوانکراوەکەی کەرکوکیەکان

حکومکردنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتەنها لەلایەن ھەمان حکومەتەوە، دیفاکتۆیەک بوو لە ئەنجامی هەڵتۆقینی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش و دەستبەسەرداگرتنی زۆربەی شار و ناوچە سونیەکان بوو، ئەمەش ئەنجامی نائومێدبوونی عەرەبی سوننە بوو لە سیاسەتی تاکڕەوانە و تایەفیانەی حکومەتی ئەو سەردەمەی عیراق و هەستکردنیان بە پەراوێزخستن و گەندەڵی و بێکاری کە بوو بەهۆی نەمانی ئینتیما و داڕوخانی مەعنەویاتی ئاسایش و هێزە سەربازیەکان، ئەمەش وایکرد ئەو هێزە توندڕەوە بە پاڵپشتی موخابەراتی ئیقلیمی دەستبگرێت بەسەر زۆرێک لە شارەکاندا و تەنانەت پەلبهاوێژێت بۆ داگیرکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستانیش، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و خەڵکی کوردستان بەرپەرچیان دانەوە، هەرچەند بەداخەوە دەیان سەرکردەی جوامێر ، پێشمەرگەی دلێر ، گەنج و لاوی ئازاو قارەمان لە ڕوبەڕوبونەوەی هێرشە داگیرکاریەکاندا شەهید بوون و ناویان چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە، شارە کوردستانیەکانی وەک کەرکوک و قەزاو ناحیەکانی و خورماتوو و جەلەولا و خانەقین و سنوری موسڵ و مەخمور لە ئەنجامی پاشەکشەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هێزی سەربازی حکومەتی ناوەند هەموو چۆڵ بوون و هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس بە فەرمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵیانکردن و پارێزگارییان لێکردن و لە هێرشە داگیرکاریەکانی داعشدا کوردستانیان بە خوێنی ڕۆڵەی کورد پارێزران..

لە پاش ماوەیەک هێزەکانی عیراق بە پاڵپشتی ئەمەریکاو ھاوپەیمانان موسڵیان ڕزگارکرد و مەعنەویاتی داعشیان تەنانەت لە سوریاش تێکشکاندو  ناوچەکانی سنوری ئەنبار و تکریت هەموو پاککرانەوە و هێزەکانی داعش پەرتەوازەبوون و  ڕاونران، ئیدی دەسەڵاتدارانی عیراق بە پشتگیریی سیاسەتی ئەمەریکا  قسەیان لەسەر گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند  بۆ  ئەو ناوچانە  کرد کە پێش ڕووداوەکان حکومەتی ناوەندی تێدابوو و لە دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆ ئەنجامدرا و  ڕێککەوتن و لێک تێگەیشتن دروستبوو..

بەداخەوە کۆدەنگی ئیقلیمی لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە ناوەخت و ناخەمڵیوەکە کە لە بەرژەوەندیی کورد نەبوو، ئەگەر دڵسۆزی و چاوکراوەیی و دیقەتی ورد و لێزانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان نەبوایە کارەساتی گەورەتر بەسەر گەلی کورددا دەهات.

لە کاتی ڕوداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر ڕاگەیاندنەکان و گوتاری سیاسی هەندێک حیزب  بەهیچ شێوەیەک باسی ڕادەستکردنی ناوچەکانی سنوری موسڵ ی نەکرد و پەنجەی خیانەتی بۆ هیچ لایەنێک و باسی لەهیچ ڕوبەڕووبونەوەیەک نەکرد، بەڵام بە چڕی تیشکی خستە سەر هاتنی هێزەکانی عیراق بۆ  ناوچەکانی سنوری کەرکوک  و 16 ی ئۆکتۆبەری کردە ڕۆژێک بۆ پەردەپۆش کردنی کارەساتێکی مێژوویی..کۆمەڵێک ناو و ناتۆرەی بۆ هاتنی هێزەکانی عیراقی فیدراڵ بۆ ناوشاری کەرکوک دروستکرد وەک تاخمی خیانەتکار و خاکفرۆشانی 16 ی ئۆکتۆبەر و بەکرێگیراوانی ئێران و حەشدی شەعبی ، لە ڕاستیدا مەگەر کەسێک قوفڵێکی گەورە لە هۆش و عەقڵی درابێت ئەگینا هەموکەسێک دەیزانی کە  ئەو بانگەشانە ڕاستگۆیانە نین و پڕوپاگەندەن ،چونکە خۆیان بەشێکی سەرەکی بوون لە پێکهاتەی حکومەتی ناوەند و لەهەموو پایەکانی حوکمڕانی و شوێنە حەساسەکان و تەنانەت سوپاسالاری عیراق کورد و ئەندامی حیزب بوو، ئەی باشە ئەوان ئەگەر لەگەڵ حکومەتی عیراق هەماهەنگ نەبن و لە سەنگەری شەڕی یەکتردا بن چۆن دەبێت و دەکرێت لە حکومەتی عیراقیش بەرپرس و کاربەدەست، ئەوان بەم شێوەیە هاوبەش بن لە پۆست و خێراتی حکومەتی عیراق ،چ عاقڵێک باوەڕ دەکات بانگەشەی شەڕی بەرەیی سەربازی بکرێت.

لەدوای هاتنەناوەوەی هێزەکانی سوپای عیراق بۆ کەرکوک، هەندێک لایەن بۆ ئەوەی سودی ڕاگەیاندن لەو بارودۆخە وەربگرن هەڵای ڕاگەیاندنیان نایەوە کە ڕوبەڕوو بونەوە ڕویداوە و گوایە شەڕی بەرگری لە کەرکوک گەرمە، ئەم هەڵاو بانگەشانە چونکە بەو شێوە نەبون کە بانگەشەی بۆ دەکرا زوو ئاشکرا بوو کە هەرهەمووی موزایەدەیە بەسەر کەرکوکەوە بۆ دەستکەوتنی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی نەک بەرژەوەندییە باڵا و چارەنوسسازەکانی کوردستان.

کەرکوکیەکانیش زۆر لەوە هۆشیار تر بوون و هەر زوو لەم یاریە تێگەیشتبوون، سەرئەنجام ئەوان پشتیان لە شارەکە کرد و  کەرکوک بەلای هیچلایەنێکەوە بە قەدەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرنگ نەبوو .

یەکێتی لەدوای ڕوداوەکانی کەرکوک سەنگەری چۆڵنەکرد و وەک هەندێک لایەن سیاسەتی (الأرض المحروقة) لە کەرکوک پیادەنەکرد و لەگەڵ خەمی خەڵکی کەرکوکدا ژیا و بەهاوبەشی لە خۆشی و ناخۆشیەکانیان لەگەڵ کەرکوکیەکان بەشدار بو و دڵسۆزانە وەک جگەرگۆشەیەکی خۆی قوربانی دەدا لە پێناویدا و سەرکردە باڵاکانی  بەشەو  و بەڕۆژ بەناو کۆڵان و گەڕەکەکانی کەرکوکدا  لەگەڵ کەرکوکیەکان بوون و پێکەوە نانیان لە بازاڕەکان لەگەڵ کاسبکاران دەخوارد و خۆیان جیانەکردەوە لە کرێکار و سەرجەم خەڵکەکه .

خەڵکی کەرکوک تێگەیشتن کێ دڵسۆزیانە و لەگەڵیاندایە و بەجێیان ناهێڵێت و نایاندات بە گورگان خوارددا، بەداخەوە ئەگەر لایەنەکانی دیکەش یەکێتی ئاسا دڵسۆزییان هەبوایە بۆ کەرکوک و یەکدەنگبونایە لەگەڵ بەرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێگومان بەرەی کورد و خەڵکی ڕەسەنی کەرکوک بەهێز تر و کورسی زیاتر بەدەست دەهات.

مەلا ئیدریس ژاڵەیی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا