پۆڵەتیک پرێس؛
بە دەستپێشخەری ئەڵمانیا، 39 وڵات لە نەتەوەیەکگرتووەکان، داوایەک سەبارەت بە مافی هاووڵاتیانی ئیگۆر و پەرەسەندنەکانی هۆنگ کۆنگ دەدەنە حکومەتی چین.
39 وڵات لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەستپێشخەری ئەڵمانیا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و داوا لە چین دەکەن ” ڕێز لە مافی ” ئیگۆرەکان بگرێ، بەتایبەت لە پارێزگاکانی
( شینگ یانگ ) و ( تبت )، هاوکات نیگەرانی خۆیان لەدۆخی دژوارو پەرەسەندنەکانی هۆنگ کۆنگیش دەربریوە.
کریستۆف هیوسگن، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی : ” داوا لە چین دەکەین ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن، بە تایبەتی ئەو کەسانەی لە کەمایەتییە ئایینی و نەژادیەکانن، بە تایبەتی لە ناوچەکانی ( شینگ یانگ) و (تبت) ” .
دەسپیشخەرییەکە، واژۆی 39 وڵاتی لەسەر کراوە، کە ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاش تیایدا بوونیان هەیە .
واژۆکەران دەڵێن : ئێمە بە قووڵی نیگەرانین لە ڕەوشی مافی مرۆڤ بەتایبەت ئاینزا موسڵمانەکانی ئیگۆر و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی هۆنگ کۆنگ، بۆیە داواکارن لە چین، ڕێگە بەچاودێرانی سەربەخۆ بدات، لەوانە کۆمیساریی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستبەجێ و بێ بەربەست بچنە ( شینگ یانگ ) و ( تبت ).
لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزی پاکستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەیاننامەیەکی واژۆکراوی بەناوی 55 وڵات راگەیاند، کە لەنێویاندا چین هەیە،قۆستنەوەی بارودۆخی هۆنگ کۆنگ و مافی ئیگۆرەکانی بۆ دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی چین گێرایەوە و ئەو دەستوەردانانەی شەرمەزارکرد.
هاوکات ژانگ جون باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان،سەبارەت بە داواکارییەکەیان لە چین، هێرشی توندی کردە سەر ئەڵمانیا، ئەمریکا و بەریتانیا و بە “دووڕوو” وەسفی کردن.
رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچیش، لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی لە واژۆی بەیاننامە دژە چینەکە گرتووە و دەڵێت ” وێڕای هەڕەشە و ترساندنی بەردەوام ” لە لایەن پەکینەوە”، بەڵام سوورین لەسەر هەوڵەکانمان بۆ دەستەبەری ماف و ئازادییەکانی ئاینزاو نەژادە جیاوازەکانی چین و ئاشکراکردنی دۆخی نالەباریان .