ڕێواز فایەق: ئەگەر ئەنجامەكانی یەكێتی نەبووایە ڕەنگە كورد ببوایەتە كەمینەیەكی زۆر بچووك

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

د.ڕێواز فایەق بەبۆنەی سەركەوتنی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاودەكاتەوە و دەڵێت لەبەردەم خەڵكی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكاندا خۆمان بەسەربەرز دەزانین، ئەگەر ئەنجامەكانی یەكێتی نەبووایە ڕەنگە كورد لەم هەڵبژاردنەدا بە دەنگ و كورسی ببوایەتە كەمینەیەكی زۆر بچووك.

دەقی پەیامەكەی ڕێواز فایەق..

زۆر دوور نیە هەر دوێنێ بوو

زۆر دوور نیە هەر دوێنێ بوو، كە یەكێتی لەسەر ئاستی سەرۆكی حیزب، مەكتەبی سیاسی، تەنانەت مەڵبەند و ئۆرگانەكانی تریش، زیاتر لە چەند جارێك، بە شێواز و شاندی جیا جیا، بە پێداگری و تكاكاریی زۆرەوە، یەك یەك لە دەرگای حیزبە سیاسییەكانی دا و داوای لێكردن:- تكایە با یەك لیستمان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ناوچە دابڕێنراوەكان..

ئەوەش بێگومان لە لاوازیمان نەبوو، لە بێ وورەییمان نەبوو، باش باش دەمانزانی دۆخمان لەو ناوچانە چۆنە و پشت ئەستوور بووین بە متمانە و پاڵپشتی خەڵكە ئازا و بوێرەكەمان، و پلان و بەرنامەڕێژییەكی پێشوەختەی تۆكمە و عەقڵانی و نەرم و ووردمان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەكەش ئامادە و ساز بوو، كە بە دەستەجەمعی و یەكڕیزی بڕیارمان لە بارەوە دابوو، هەمووشمان ئامادەبووین بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ ووزە و توانامان بخەینە خزمەت پلانەكە، و دواجار دەرئەنجامەكانیش دەریخست كە ئێمە لە هەمووان زیاتر جێگەی قبوڵ و متمانەی دەنگدەرەكانی ئەو ناوچانە بووین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئامادەبووین سەبارەت بە شێوازی لیستە یەكگرتووەكە و دانانی كاندیدەكان و هەر مەرجێكی تریش سازش بۆ حیزبە كوردستانییەكان بكەین.

بەداخەوە، ئەوە هەژموونی ئەجێندای گوماناوی، خەیاڵپڵاوی تەوژمی پۆپۆلیستی هەڵتۆقیو و قورمیشكراو، ترس لە كاریگەری یەك لیستی لەسەر دەنگدانی پەرلەمانی كوردستان و چەند هۆكارێكی بێ ئەرزشی دیكە بوو كە نەیهێشت هەموومان یەك لیستی هەڵبژاردن و لە یەك بەرەی شەڕی دیموكراسیدا بین بەرامبەر نەیارەكانمان.

هاوكات نابێت ڕۆڵی نەگریسی دژە كوردی هەندێ سیاسی بە تەمەن و ئەزموون گەورە و بە ئەقڵ هەرزەمان بیربچێت، كە ڕۆژانە و بەبێ موناسەبە ژەهریان دەڕشت و كاریگەری خۆیان لەسەر لەباربردنی هەموو هەوڵەكان هەبوو، بۆیە لە ئێستادا دەبێت بە دیار شكستی خۆیانەوە خەریكی خۆخواردنەوەبن.

دواجار ئێمە ئەركی نیشتیمانی و نەتەوەیی و دۆستایەتیمان پێش هەڵبژاردن بەرامبەر هەموو هێزەكان جێبەجێكرد و جگە لە حیزبی شیوعی ئەوانی دیكە هەریەكەو بە بیانوویەك بەدەنگمانەوە نەهاتن، تەنانەت ئەوكات هەندێ لە سەركردە و كادیری باڵایان لە ڕێگەی میدیای فەرمی و سێبەرەوە وەك سەركەوتن و دەستكەوت بۆ خۆیان باسیان لە ڕەتكردنەوەی هەوڵەكانی یەكێتی دەكرد و هەموو ئەو لێدوان و ووتار و كۆمێنتانەش هێشتا لە بیری كوردستانیاندا ماون و هێندە دوورنین، ئەسەف بەم هەڵوێست و بڕیارانە زیانی گەورە بەر پێگەی كورد كەوت لە هەریەك لەو ناوچانە.

ئێستاش لەبەردەم خەڵكی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكاندا خۆمان بەسەربەرز دەزانین كە بە پشتیوانی جەماوەرە دڵسۆزەكەمان و بە بەهێزی هاوپەیمانی و لیست و كاندیدەكانمان لە سەر ئاستی هەموو پارێزگاكانی كوردنشین، بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتێكی هەڵبژاردنی شارستانیانە كە بە تەواوی خۆمان تیا بەدوورگرت لە ڕووبەڕووبونەوە و قسەكردن لەسەر لیستە كوردستانییەكان، تا ڕادەیەك دەنگ و سەنگی كوردمان پاراست و توانیمان بەشێك لە تینوێتی ئەوان ئاوبدەین، و ئەگەر ئەنجامەكانی یەكێتی نەبووایە ڕەنگە كورد لەم هەڵبژاردنەدا بە دەنگ و كورسی ببوایەتە كەمینەیەكی زۆر بچووك.

دەرئەنجام، بۆ یەكێتی سەركەوتنی كورد ئامانجە باڵا و پیرۆزەكەیە، بۆیە نەهاتنەدی ئامانجەكە وەك خۆی و بەشێوەی لە سەداسەد ، تامی سەركەوتنەكانی خۆمانی لە دەمدا تاڵ كردووین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا