لایەنە عێراقییەكان لەسەر پرۆژە یاسای هەڵبژاردن نزیكن لە رێككەوتن

پۆڵەتیك پرێس

بەوتەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لایەنە سیاسییەكان كۆكن لەسەر سیستمی هەڵبژاردنی فرە بازنەیی مامناوەند ئەگەریش هەیە هەفتەی داهاتوو پرۆژە یاساكە تێپەڕندرێت.

ناكۆكی لایەنەكان لەسەر پەسەندكردنی جۆری سیستمی هەڵبژاردن لەوەوە سەرچاوەی گرتووە هەریەكەیان دەیانەوێت بەپێی بەرژەوەندی و مسۆگەركردنی دەنگەكانی خۆی سیستمەكە دیاری بكرێت.

 

لایەنە سیاسییەكان كۆكن لەسەر سیستمی هەڵبژاردنی فرە بازنەیی مامناوەند

پێشتریش زۆرینەی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر رەشنوسی پرۆژە یاسای هەڵبژاردن بەشێوەی فرەبازنەیدا، بەڵام بەشێك لە لایەنەكان لەنێویشیاندا لایەنە كوردییەكان دژی وەستانەوە.

جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی رایگەیاند، بە ناچاری لایەنە جیاوازەكان كۆكن لەسەر یاسای فرە بازنەیی مامناوەند و یاساكە تێپەڕیوە تەنها پاشكۆكەی ماوە بۆ ئەوەش لە رۆژی شەمەی داهاتووە وە بازنەكان دەهێندرێتەوە پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەشی هەڵبژاردنی حزبە سیاسییەكان تا ئێستاش لە گفتوگۆدان سەبارەت بەجۆری بازنەی هەڵبژاردنەكان ئەمەش بەواتای رێكەوتن نایەت، هەروەك چۆن بەواتای رەتكردنەوەش نایەت.

پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆمەڵێك گۆڕانكاریی گەورەو گرنگی لەخۆگرتووە، بەتایبەتی لەگۆرینی سیستمی هەڵبژاردنەكە بۆ سیستمی براوەی یەكەم‌و فرەبازنەیی‌و دابەشكردنی سنوری پارێزگایەك بەسەر چەند بازنەیەكدا.

 

لەپرۆژە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هەر پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان بەسەر چەند بازنەی هەڵبژاردنی‌ تاك كورسی‌‌و فرە كورسیدا دابەشكراوە، كە تێیدا سنوری ئیداریی قەزاكان‌و ژمارەی دانیشتوانی هەر قەزایەك بەبنەما وەرگیراوە، هەرپارێزگایەكیش چەن كۆتای بەركەوێت ئەوەندە ژمارەی بازنەی بەردەكەوێت.

 

فرەبازنەیی مامناوەند لە جیهاندا بوونی نییە ئەمە داهێنانێكی عێراقییە

 

شارەزایەكی بواری هەڵبژاردن، باس لەوە دەكات فرەبازنەیی مامناوەند لە جیهاندا بوونی نییە ئەمە داهێنانێكی عێراقییە بۆ ئەوەی هێزە گەورە و پارەدارەكان لە عێراق نەچنە ژێرباری تاك بازنەیی یەك كورسییەوە.

ئارام جەمال شارەزا لە بواری هەڵبژاردن بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، هێزە عێراقییەكان لەبەر فشاری دەنگی شەقام و خۆپیشاندەران ناتوانن رەتی بازنەی تاك كورسی بكەنەوە لە هەمانكاتدا ناشتوانن لە سیستەمی كۆنیشدا بمێننەوە لەبەر ئەوە ئەو داهێنانەیان داهێناوە كە وەك هەمان یاسای یەك پۆینت حەوتە لە یاساكانی پێشودا كە لەبەر بەرژەوەندی و پاراستنی خۆیان دایانهێنا.

ئارام جەمال وتیشی، “بەرژەوەندی هەرێم و عێراق لەگەڵ سیستمی هەڵبژاردنی تاك بازنەی یەك كورسیدایە لەبەر ئەوەی لەناو ئەم سیستمەدا خەڵك لەگەڵ هەڵبژاردن ئاشتدەبێتەوە تاڕادەیەك نوێنەرانی هەڵبژێردراو بەرجەستەی ئیرادەی گەل دەبێت و بەدەنگی گەل دەچێتە پەرلەمانەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هێزەكانی عێراق لەبەر ئەوەی هێزگەلێكی دیموكراسی نین، بە زەبری چەك و پارە و كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوەكانی دارایی بەردەوامیان بەمانەوەی خۆیانداوە، بۆیە هەر حزب و لایەنێك لە عێراق لەگەڵ سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەیییە ئەوەش لە پێناو مانەوەی دەسەڵات و هێزەكەی خۆی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا