شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: یەکێتی هەمیشە بە گرنگییەوە لە کەرکووکی قودسی کوردستانی روانیووە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “یەکێتی هەمیشە بە گرنگییەوە لە کەرکووکی قودسی کوردستانی روانیووە”.

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، لێپرسراوی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی دەڵێت، “ئومێدەوارم لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ئەم ھەڵبژاردنە، بە زووترین کات پارێزگارێکی کورد بۆ شاری کەرکووکی قودسی کوردستان دیاری بکرێت، بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردییەکان، یەکڕیزی و یەک دەنگیان بکەن بە سەرکەوتنێکی تر بۆ خەڵکی ئەم شارە، بۆ ئەوەی بە ھەموومان بتوانین خزمەتی خەڵکە دڵسۆز و کوردپەروەرەکەی ئەم شارە زوڵم لێکراوە بکەین، چونکە کەرکووکییەکان ھەمیشە پێشەنگ بوونە لە خەبات و قوربانیدان بۆ گەیشتن بە ئازادی و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان”.

دەقی پەیامەکەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا:

بە بۆنەی سەرکەوتن و باش بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە لە ١٥ پارێزگای عێراق بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشەوە لە (١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣) بەڕێوەچوو، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان، دەزگا ئەمنییەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بەم پڕۆسەیە دەکەم کە ئاسایش و ئارامی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنیان لە ئەستۆ دابوو و بە بێ دروستبوونی ھیچ گرژی ئالۆزییەک لە کەشوھەوایەکی ھێمنانە کۆتاییان بەم پڕۆسە پڕ لە دیوکراسییە ھێنا.

ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە کەرکوکی قودسی کوردستانیشی لەخۆ گرتبوو، بۆ ئێمەی نەتەوەی کورد ھەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بوو، بە تایبەت دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنەی کە (لیستی ھاوپەیمانیی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە) بەدەستی ھێنا، ئەمەش بە ھەوڵ و ماندووبوونی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کادیران و جەمارە دڵسۆزەکەی یەکێتیی نیشتیمانی بوو، ئەم سەرکەوتنە مەزنەتان لێ پیرۆز دەکەم، گڕوتینی ئێوە و جەماوەر و دەنگدەرە دڵسۆزەکانی ئەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەرز دەنرخێنم.

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ھاوتەریب لەگەڵ مێژووە پڕ سەروەرییەکەی، ھەمیشە بە گرنگییەوە لە شاری کەرکوکی قودسی کوردستانی ڕوانیوە، ئامانجی یەکێتیی بۆ کەرکوک خزمەتکردن و خۆشگوزەرانیی و مافە نەتەوەیی و سیاسیی و ئیدارییەکان بووە، لەپێناو پاراستنی برایەتی و یەکڕیزی نێوان گشت پێکھاتە ڕەسەنەکانی ئەم شارە، دوای پڕۆسەی رزگارکردنی عێراقیش لە ساڵی (٢٠٠٣)وە نوێنەرانی یەکێتیی  نیشتیمانی بوون لە بەغدا کە توانیان ماددەی (٥٨)ی یاسای کاتی عێراق و مادەی ١٤٠ لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق جێگیر بکەن، کە ھەردوو یاساکە تایبەتە بە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان.

ئومێدەوارم لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ئەم ھەڵبژاردنە، بە زووترین کات پارێزگارێکی کورد بۆ شاری کەرکووکی قودسی کوردستان دیاری بکرێت، بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردییەکان، یەکڕیزی و یەک دەنگیان بکەن بە سەرکەوتنێکی تر بۆ خەڵکی ئەم شارە، بۆ ئەوەی بە ھەموومان بتوانین خزمەتی خەڵکە دڵسۆز و کوردپەروەرەکەی ئەم شارە زوڵم لێکراوە بکەین، چونکە کەرکووکییەکان ھەمیشە پێشەنگ بوونە لە خەبات و قوربانیدان بۆ گەیشتن بە ئازادی و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتیمانیی
کوردستان
٢٠٢٣/١٢/١٩

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا