دوای کەمکردن و دابەزینی دەنگەکانی لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا و سەرهەڵدانی تاکڕەوی، هەموو بنەماکانی یەکڕیزی نێوان هێزە سیاسیەکانی تێکدا و بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان و نان و ئازادیەکەشی کەوتە ناو دووڕیانێکی تاریك .
دەربازکردنی ئەم دۆخە ناهەموارەی بەسەر گەلەکەمان داهاتووە و گۆڕینی ئەم واقیعە چەق بەستووە ، تەنیا لەتوانای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دایە بیگۆڕێت ، چونکە لەکوردستاندا تەنیا هێز کە بتوانێت ڕووبەڕووی ئەم هەموو قەیرانە ببێتەوەو چارەسەریان بکات و ماف و دەستکەوت و شایستەکانی گەلی کورد بپارێزێ و بە تاکڕەویش بڵێ نا، تەنیا بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت .
یەکێتیی لەهەموو قۆناغە سەختەکاندا، حزبی ئەرکە قورسەکان بووە، بەتایبەت لەدوای پێنجەمین کۆنگرەدا، هەنگاوەکانی یەکێتیی دلێرانە و بوێرانەو جوامێرانەیە، لەبەرگریکردن لەکۆمەڵانی خەڵك و بۆ پێچانەوەی ئەو قەیرانانەی کە دووچاری گەلی کوردستان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەت بۆتەوە .
ئەو ڕۆژەی کە یەکێتیی خۆی ڕاگەیاندووە، لەگەڵیدا، بەرەنگاری دیکتاتۆریەت و دیموکراسی و لێبوردەیی و نان و ئازادیش لەدایکبووە، یەکێتیی تاکە حیزبی کوردیە کە هەورازو نشێوەکان ، نەیتوانیووە چۆکی پێدا بدەن ، بێگومان لەسەر حیسابی جەربەزەیی و شەونخوونی و هەوڵەکانی هێزی پێشمەرگە و کادیرو جەماوەرو سەرکردایەتیەکەی ماوەتەوەو بەردەوام بووەو بەردەوامیش دەبێت .
پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بەگشتی و کەرکوك و مەخمور و خانەقین و خورماتو و شنگال و نەینەواو دەشتی نەینەوا، وەك قۆناغێکی چارەنوسسازی ڕزگاری نەتەوەییمانە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی بەڕێوەبردنی ئەم ناوچانەی کوردستان و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لەچوارچێوەی عیراقێکی دیموکرات و فیدرالدا .
ئەوەی پێویستە لەپێشی پێشەوەی تۆمارکردنی ئەم داستانی دیموکراسیەدا بێت، جەماوەری کوردو تورکمان و کلدان و ئاشور و عەرەبی ڕەسەن و هەموو بیروباوەڕە ئایینیەکان بێت، بۆ ئەوەی کلتوری پێکەوەژیان و هزری لێبوردەیی سەرۆك مام جەلال جارێکی تر لەناو هاووڵاتیاندا جۆش بدەینەوە .
پێویستە مامۆستا و خوێندکارو گەنجان و لاوان، پێشمەرگەو کرێکارو جوتیارو کاسبکارو کەسوکاری شەهیدان، پێکەوە بەشداری تۆمارکردنی ئەو داستانە دیموکراسیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەن، دەنگ بەلیستەکانی یەکێتیی بدەن، بۆ گێڕانەوەی کلتوری لێبوردەیی و پێکەوەژیان .
د. مەجید محەمەد ئەمین
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان