پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
شەوی رابردوو لە سۆران ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراوو دڵتەزێن روویدا. لە دەوروبەری کاتژمێر9:00 ی شەو، ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتەوە، لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا 14کەس گیانیان لەدەستدا (10 پیاوو چوار ژن) و حەوت کەسی تر بریندار بوون (کە سیانیان کارمەندی بەرگری شارستانی سۆرانن).
ناسنامەی ئەو کەسانەی گیانیان لە دەستدا:
قوربانییانی روداوی ئاگرەکەی سۆران پێنجیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن کە چواریان لە یەک خێزانن و تەرمەکانیان رەوانەی ھەولێر دەکرێن و دواتر رەوانەی رۆژئاوای کوردستان دەکرێنەوە.
دوو قوربانی دیکەیان خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستانن و تەرمەکانیان دەبرێنە دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ ئەوەی رەوانەی رۆژھەڵاتی کوردستان بکرێنەوە، سێ کەسی دیکەشیان خەڵکی ئەنبارن.
دوو قوربانی دیکەیان خەڵکی سنوری سۆرانن و شەوی رابردوو بەخاک سپێردراون، قوربانیەکی دیکەشیان خەڵکی باکوری کوردستانە و ئەوەی دیکەشیان ناسنامەکەی نادیارە.
بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکەوە کەوتووەتەوە و دواتر تەشەنەی سەندووە بۆ نهۆمەکانی دیکەی باڵەخانەکە.
دڵمان لەگەڵ خێزان و کەسوکاری قوربانییانی رووداوە دڵتەزێنەکەی سۆرانی خۆشەویستەو هاوسۆز و هاوخەمیانین
بەگوێرەی زانییارییەکان، باڵەخانەکە سیستمی ئاگرکوژێنەوە و پلیکانەی رزگاربوونی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا کەرەستەکانی ناو باڵەخانەکە ئاسان بوون بۆ سوتان و دەرفەت رزگاربوونی کەسەکانی نهۆمەکانی سەرەوە نەبووە، ئەوەش هۆکار بووە بۆ زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارەکان.
دوا بەدوای رووداوەکە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیاند.
دوای رووداوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییانی ئاگرەکەی شەوی رابردووی سۆران ناردو رایگەیاند، “دڵمان لەگەڵ خێزان و کەسوکاری قوربانییانی رووداوە دڵتەزێنەکەی سۆرانی خۆشەویستەو هاوسۆز و هاوخەمیانین”.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سۆران کە ژمارەیەک گیانلەدەستدان و سووتانی لێکەوتووەتەوە، هەموومانی غەمبار کرد.
لایەنی کەمتەرخەم دەبێت بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵبگرێت
دەشڵێت، لە دڵەوە هاوخەمی کەسوکاری قوربانیانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەم و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، بە داخەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەمە چەندەمین جارە ڕووداوی هاوشێوە دووبارە دەبنەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەتین و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانین، لایەنی کەمتەرخەم دەبێت بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵبگرێت.
ئەمڕۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستبەکاردەبێت:
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 9-12-2023 لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەکەی سۆران دەستبەکار دەبێت و لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران راسپێردراون کە هەموو کەموکوڕییەکان بخەنەڕوو.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەوەی راگەیاند: “دوای رووداوەکەی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سۆران کە بە داخەوە 14 کەس گیانیان لەدەستدا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکبهێنرێت و هۆکارەکانی ئەو رووداوە دیاری بکرێن”.
وتیشی: “شەوی رابردوو بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنرا، ئەمڕۆ لیژنەکە دەستبەکار دەبێت و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەو رووداوە دەستپێدەکات، هەروەها ئێمە وەکو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبینەوە، تێیدا باس لە چۆنییەتی رووداوەکە و ئەنجامەکەی دەکەین”.
هەڵگورد شێخ نەجیب، ئەوەشی خستەڕوو: “لەکاتی رووداوەکە کاتێک پەیوەندی بە بەرگری شارستانیەوە کراوە تیمەکانیان بە ماوەی سێ خولەک گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام بەهۆی دووکەڵی چڕ 14 کەس لەناو باڵەخانەکە گیانیان لەدەستداوە”.
بەگوێرەی زانییارییەکان، عەمید تەحسین ئاکرەیی، سەرۆکی پەیمانگەی بەرگریی شارستانی بە وەکالەت سەرۆکی لیژنەکە دەبێت و هەریەکە لە عەقید یونس قادر، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، عەقید کۆچەر عەبدوڵڵا، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی و دڵشاد مرادخان، ئەندازیاری کارەبا تێیدا ئەندام دەبن.
تەندروستی جیهانی ئامادەیە بۆ هاوکاریکردنی بریندارانی رووداوەکەی سۆران
لەلایەکی دیکەوە ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق ئامادەیی بۆ هاوکاریکردن و چارەسەرکردنی بریندارەکان دەربڕی.
هاوکات رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامادەیی خۆیی دەربڕی بەمەبەستی هاوکاریکردنی بریندارەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
وائل حەتاحت، هەڵسوێنەری کاروبارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە عێراق، هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکەی سۆران دەربڕی و ئامادەیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی نیشاندا بۆ دابینکردنی پێداویستی چارەسەرییەکانی برینداران.