پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەکاردانەوەی هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوا دەکات، ئەنجامدەرانی هێرشەکە بدۆزرێنەوە و سزای خۆیان وەربگرن.
ئەمڕۆ هەینی 8ـی کانوونی یەکەم، لە بەیاننامەیەکدا محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرجەم فەرماندە باڵاکانی سوپای عێراقی راسپاردووە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی هێرشە مووشەکییەکەی ئەمڕۆی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “فەرماندەی گشتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە ئامانجگرتنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان کردەوەیەکە کە هەرگیز لە ژێر هیچ باروودۆخێکدا قبوڵکراو نیە و کارێکی شەرمەرزارکەرانەیە و پاساو هەڵنگارێت”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە “ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە سووکایەتی بە عێراق و سەقامگیری و ئاسایشی وڵات دەکەن و ئەو گرووپە بێ ئیدارە و بێ یاسایانە بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی عێراق ناکەن”.
سودانی لەدرێژەی قسەکانیدا ئاشکرایکرد، “مەترسی خستنەسەر سەقامگیری عێراق و خراپ بەکارهێنانی ئاسایشی ناوخۆ و هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بە ناوبانگی سیاسیی عێراق و بە ئامانجگترنی شوێنە ئەمنییەکان کە بە هێزی یاسا و نۆرم و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پارێزراون، کردەوەی تیرۆرستن”. وتیشی، “هێزە ئەمنیەکان و دەزگاکانی حکومەت بەردەوام دەبن لە پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و پابەندبوونیان بەو پەیمانەی کە لەژێر یاسا نێودەوڵەتییەکاندا داوییەتی بۆ پابەندبوون و دەستەبەرکردنی یاساکان”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 4:15 خولەک لە رێگەی دوو مووشەکەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کراوەتە ئامانج و باڵیۆزخانەکەش بە فەرمی داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە سنوورێک بۆ هێرشەکانی سەر هێز و بنکەکانی ئەمریکا دابنێت و پاراستنی گیانی نێردە و دیپلۆماتکارەکانی خستە ئەستۆی حکومەتی عێراق.