حكومەتی هەرێم دابەشكردنی موچە بەناردنی پارەكەی بەغداوە دەبەستێت

پۆڵەتیك پرێس:
حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەشكردنی موچەی بە ناردنی ئەو بڕە پارەوە بەستووەتەوە، كە بڕیارە وەك بودجە لەلایەن بەغداوە بۆی رەوانەبكرێت.

زیاتر لە 40 رۆژە حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی نیسانی رابردووی دابەشنەكردووەو تائێستاش دیارنییە، كەی موچە دابەشدەكرێت.

لەبارەی دابەشكردنی موچەش، جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ دابەشكردنی موچە دوو سێ‌ بژاردەمان لەبەردەستە، بەڵام روونكردنەوەی لەبارەی بژاردەكان نەدا.

لەبارەی بژاردەكانی حكومەتی هەرێم، زانا مەلا خالید پەرلەمانتاری پارتی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: حكومەتی هەرێم چەند میكانیزمێكی لەبەردەستە بۆ دابەشكردنی موچە، یەكێك لەو میكانیزمانەش پەیوەستە بە ناردنی پارەی عێراق بۆ هەرێم.

زانا مەلا خالید وتیشی: لەئامادەبونی سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمانی كوردستان زۆر بەروونی وەڵامی پەرلەمانتارانی داوەتەوە لەبارەی موچەی هاوڵاتیان، كە بە روونی باسكراوە ئەو ناردنی موچە پەیوەستە بە ناردنی پارە لە بەغداوە.

بەقسەی پەرلەمانتارەكە، میكانزمێكی دیكە بۆ دابەشكردنی موچە ئەوەیە، كە بە پێی ئەو داهاتە ناوخۆییەی لەهەرێمی كوردستان هەیە، حكومەت هەوڵیداوە خەرجی كەمبكاتەوە و داهات زیاد دەبێت، كاتێكیش داهات زیاد دەبێت ئەو رێژە پارانەی، كە هەیە خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەو بڕە داهاتەی لەبەر دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت بۆ دابەشكردنی موچە.

حكومەتی عێراق بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەتی، مانگانە بڕی 320 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام ئەم مانگە دواكەوتووەو دیارنییە، كەی ئەو بڕە پارەیە رەوانەی هەولێر دەكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا