پەرتكەو زاڵبە

لەدوای كتێبی (میر)ی نیكۆلا ماكیاڤێلییەوە، كاریگەرترین تیۆریایەكی سیاسی دەستەواژەی (پەرتكەو زاڵبە)یە.

پەرتكەو زاڵبە سیاسەتێكی نوێ نییە، بەڵكو وەك خودی سیاسەت كۆنە، سۆمەری و یۆنانی و میسرییە كۆنەكانیش بەكاریان هێناوە، لەوێشەوە شۆڕبووەتەوە بۆ سیاسەتی داگیركاری وڵاتان و گەل و نەتەوەكان، بەوەشەوە نەوەستاوە لە نێو خودی یەك نەتەوەو یەك خاكیشدا پارتە سیاسییەكان دژی یەك بە كاریدەهێنن .
بە كورتی: سیاسەتی (پەرتكەو زاڵبە)، دەستەواژەیەكی سیاسی- سەربازی- ئابورییە، بنەچە یۆنانییەكەی بەواتای پەرتكردنی هێزی دژو نەیارەكانت بۆ چەندین بەش و كەرتی جیاوازو جۆراوجۆر بەمەبەستی نەهێشتن‌و پوچەڵكردنەوەی هێزو توانا و یەكگرتووییەكەیان، لەو ڕێگەیەشەوە دەتوانی بەئاسانی هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا بكەیت و زاڵبی بەسەریاندا .

خۆشباوەڕترین نەتەوەیەك بە درێژایی مێژوو سیاسەتی پەرتكەو زاڵبەی بەسەردا جێبەجێكراوە كورد بووە، ئەمارەتێكی كوردی نییە لە ڕێگەی ئەو سیاسەتەوە كۆتایی پێنەهاتبێت، شۆڕشێكی كورد نەبووە لە مێژوودا لە ڕێگەی ئەو سیاسەتەوە كپ نەكرابێتەوە، پارتێكی سیاسی كورد نابینی لە ڕێگەی پەرتكەو زاڵبەوە دوكەرت و سێ كەرت نەبوبێت، ئەمارەتی بابان و مەلیكی كوردان و شۆڕشی ئەیلول و بە تایبەتیش یەكێتی نیشتمانی كوردستان .

زۆر دوور نەڕۆین، هەموو سەركردەیەكی یەكێتی، تەكەتولەكانی بەر لە كۆنگرە، هەردوو هاوسەرۆكی ئێستاش دەزانن نەیارەكانیان بۆچی هەر ڕۆژەی گرنگی بە لایەكیان دەدات .

خوێندنەوەیەك بۆ سێ نامەی پەرتكەو زاڵبەی یادی پڕ شكۆی مام جەلال :
سەرۆك مەسعود بارزانی دەڵێت: (هەردوو برازاكانم كاك بافل و كاك قوباد).
كاك مەسرور دەنووسێت: (پێزانینم ئاراستەی كاك بافل و كاك قوباد و شوێنكەوتووە ڕاستەقینەكانی مام جەلال دەكەم).
بەڵام كاك نێچیر چونكە ئاراستەكەی جیاوازە، نووسیویەتی: ( گیانی شادو یادی هەمیشە بە خێر) .

ئەو كەسەی ئەلف و بێیەكی زانستی سیاسی شكبەرێت و پەی بە واتای ژێر پەیامەكان بەرێت دەزانێت، ڕاستە كاك بافل و كاك قوباد كوڕی مامی یەكێتییەكانن و دوو سەركردەی خۆشەویستی هەمووانن، بەڵام بۆچی ئامۆزای برازاكانیشت، هەموو یەكێتییەكانیش برازات نەبن؟ خۆ مام دەیگوت (هەمووتان هی منن و منیش هی هەمووتانم)، مام موڵكی هەموو كورد بوو، هەموو ئەندامانی پارتە سیاسییەكانی بە برازای خۆی دەزانی .

كاك مەسرور بارزانی، پەرتكەو زاڵبەی زەقتركردووەتەوە، ئێمە نازانین كێ شوێنكەوتووە ڕاستەقینەكانی مام جەلالن؟ كێش ڕاستەقینە نییە؟ دەستەواژەی ڕاستەقینە لە سیاسەتدا چۆن پێناسە دەكرێت؟ ئەگەر ڕاستەقینە لە (ڕاست)ەوە هاتبێت، بە واتای (حەقیقەت) دەگەیەنێت، لە زانستی سیاسی و هەتا تیۆری ڕێژەیشدا حەقیقەت بونێكی ڕەهای نییە، دەكرێت شتێك لای تۆ حەقیقەت بێت، بەڵام لای كەسێكی تر حەقیقەت نییە، چوارچێوە فیكرییەكانی مرۆڤ حەقیقەتەكان دیاری دەكەن.

خۆ ئەگەر مەبەست لە ڕاست، پێچەوانەی هەڵە بێت، تۆ چۆن دەتوانی حوكم لەسەر ڕاست و هەڵەی كەس و كۆمەڵ‌و یان حیزبێك بدەی؟

 

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا