پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
راپۆرتێكی ناوەندی ئەنجوومەنی ئەتڵەسی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا تیشكی خستووەتە سەر ئەو بەرهەڵستیانەی دووچاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێتەوە لە كۆنترۆڵكردنی میلیشیا عێراقییەكانی سەر بەئێران لەلایەن دەوڵەتەوە و چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو كارە.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردووە، مستەفا كازمی لەبەردەم هەلێكی مێژوویدایە بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی عێراق، بەڵام پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە: ئایا لەم هەلەدا سەركەوتوو دەبێت؟
میلیشیاكانی سەر بە تاران لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ لاوازكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت
حەمدی مالیكی نووسەر لەو بارەوە دەڵێت: میلیشیاكانی سەر بە تاران لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ لاوازكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، لە كاتێكدا لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی، ئێران بەدەست نەبوونی سەركردەیەكی جێگرەوەو كەمبوونەوەی سەرچاوە ئابورییەكانی بەهۆی سیاسەتی فشاری توندی واشنتۆن لەسەر تاران دەناڵێنێت.
ئەو نووسەرە باس لەوە دەكات، ئەو گۆڕانكارییانەی كازمی لەدەزگا ئەمنی و سەربازییەكاندا كردوویەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی سەرەتایەكی باشە، بەڵام مێژووی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، گرتنەبەری نیوەی رێوشوێنەكان بەشی ئەوە ناكات میلیشیاكانی پێ لاوازبكرێت، لەو رووەوە میلیشیاكانی وەك چەكدارانی حیزبوڵڵا چاوەڕێی ئەوەی لێناكرێت چەكەكانی بێبەرانبەر و بە دانوستان فڕێبدات.
هاوكات، ئەم كۆمەڵانە باش درك بەوە دەكەن، دەوڵەتی خاوەن سەروەری دژی سیاسەتی “میحوەری بەرهەڵستی”یە، كە ئێران نوێنەری دەكات كار دەكات، ئەوە ساویلكەییە پێتوابێت چەكدارانی حیزبوڵڵا و میلیشیاكانی وەك چەكدارانی ئەهلی حەق و جوڵانەوەی ئەلنەجیباو و سەرایای خۆراسانی بەبێ فشاری راستەقینە دەستبەرداری چەكەكانیان دەبن.
ئەوە ساویلكەییە پێتوابێت چەكدارانی حیزبوڵڵا و میلیشیاكانی وەك چەكدارانی ئەهلی حەق و جوڵانەوەی ئەلنەجیباو و سەرایای خۆراسانی بەبێ فشاری راستەقینە دەستبەرداری چەكەكانیان دەبن
ئەو راپۆرتە جەخت لە گرنگی نەهێشتنی نفوزی ئەو میلیشیایانە لە ئێستادا دەكاتەوە، سەرەتا لەبەر ئەوەی ساڵانێكە لە لاوازترین دۆخەكانیاندان و سەرباری ئەو خۆنواندنانەی دەیكەن، ئەم میلیشیایانە لەڕووی سەركردایەتییەوە لاوازن، بەتایبەت لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرەڕای ئەو فشارە ئابوورییانەی لە واشنتۆنەوە دەخرێتە سەر تاران و بە ملیارەها دۆلاری لەكیسی ئێران داوە، هاوكات، لەدوای دابەزینی نرخی نەوت لەسەرانسەری جیهان و كەمهێنانی بودجەی بەغدا ئەو میلیشیایانە نەیانتوانی بە ئاسانی بە پارەی عێراق بگەن.
راپۆرتەكە هۆشداری لەبارەی ئەوە داوە، ئەگەر مستەفا كازمی نەتوانێت ئەم میلیشیایانە ببەزێنێت، نفوزیان لەعێراقدا زیاد دەكات و دەسەڵاتی بەغدا كەمدەكەنەوە.
حەمدی مالیكی پێشنیاری ئەوە بۆ كازمی دەكات، دەست بكات بە هەمەجۆركردنی دەستەی سەركردایەتی هێزەكانی حەشدی شەعبی، كە ئەو میلیشیایانە پلەی باڵا و گرنگیان تێیدا هەیە، ئاماژە بەوەش دەكات، كازمی لە توانایدایە یەكەكانی سەر بە پیاوانی ئاینی شیعەی وەك عەلی سیستانی بقۆزێتەوە بۆ فشارخستنە سەر فالح فەیاز راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر لە هەمەجۆركردنی سەركردایەتی حەشدی شەعبی.
دەشڵێت: كازمی لەتوانایدایە چوار سەركردایەتی لە حەشد كۆبكاتەوە و رێكخراوێكی هاوشانیان لێپێكبهێنێت كە سەركردەی میلیشیا جیاجیاكان لە خۆبگرێت و تەنیا لە كازمییەوە فەرمان وەربگرن نەوەك ئێران.
پێویستە كازمی یاری بە كاغەزی ئابورییەوە بكات
لەلایەكی دیكەوە، پێویستە كازمی یاری بە كاغەزی ئابورییەوە بكات، ئەوەش لەڕێی خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر بۆ روبەڕوبوونەوەی چالاكییە ئابورییەكانی ئەو میلیشیایانە لەسەر سنور و لەناو كەرتەكانی وەك كەرتی نەوت و ژێرخانی ئابوری و دارایی.
هاوكات، بۆ بەرگرتن لە دووبارە روودانەوەی شەڕی ناوخۆ، راپۆرتەكە پێشنیاری ئەوە بۆ كازمی دەكات، پەنا بباتە بەر چارەسەری ناسەربازی و لەگەڵ هاوبەشەكانیدا راست و رەوان بێت.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لەلایەن واشنتۆنەوە، حەمدی مالكی دەڵێت: ئەگەر حكومەتی عێراق لە بەزاندنی میلیشیا عێراقییەكان شكست بهێنێت، ئەوا دووچاری سەركێشی قوڵ دەبێتەوە كە دەبێتە هەڕەشە لەسەر سەقامگیری وڵاتەكە.