پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پاش سەردانیکردنی تیمێکی رێکخراوی تەندرووستیی جیهانی بۆ کۆمەڵگای پزیشکیی شیفا لە کەرتی غەززەی فەلەستین، رێکخراوەکە نەخۆشخانەکە بە ‘زۆنی مەرگ’ ناو دەبەن.
تیمەکەی رێکخراوی تەندرووستیی جیهانی سەردانێکی مەیدانیان بۆ کۆمەڵگە پزیشکییەکە کردبوو و رایانگەیاندبوو، لە شوێنەکە چەندین بەڵگەی تۆپباران و جێگەی فیشەک و گۆڕی بەکۆمەڵ لەنزیک دەروازەی نەخۆشخانەکە بەدی دەکران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تیمەکە نزیکەی 80 کەس لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکە ماون و پلان هەیە بۆ چۆڵکردنی هەموویان.
پاش فەرمانی چۆڵکردنی نەخۆشخانەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە، نزیکەی 300 نەخۆش کە تەندرووستی زۆربەیان ناجێگیرە و پێویستیان بە چاودێری ووردی پزیشکی هەیە، ناچاربوون لە نەخۆشخانەکە بێنە دەرەوە و بەرەو باشووری کەرتی غەززە بڕۆن.
نەخۆشخانەی شیفا گەورەترین و پێشکەوتووترین کۆمەڵگەی پزیشکییە لە کەرتی غەززە و لە ئێستادا فەرمانی چۆڵکردنی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دراوە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لەژێر باڵەخانەی نەخۆشخانەکە، تونێل و بارەگای سەربازییان درووستکردووە و نەخۆشخانەکە وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن.
بزووتنەوەی حەماس تۆمەتەکانی ئیسرائیلی بەتەواوی رەتکردەوە و رایانگەیاند، “پاساو هێنانەوەیە بۆ شەرعییەت دان بە کۆمەڵکووژیی گەلی فەڵەستین”.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ژمارەی ئەمڕۆیدا نهێنی رێکەوتنێکی سێ قۆڵی نێوان ئەمریکا، ئیسرئیل و بزووتنەوەی حەماس بڵاوکردووەتەوە.
لە رۆژنامەکەدا ئەوە هاتووە، هەر سێ لایەن رازیبوون بە راوەستاندنی جەنگ بۆ ماوەی 5 رۆژ لەبەرامبەر ئازادکردنی ئەو منداڵ و ئافرەتانەی کە حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەم بەدیل گرتبوونی.
کۆشکی سپی وەڵامی ئەو هەواڵەی رۆژنامەی واشنتن پۆستی داوەتەوە و ووتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، “تا ئێستا رێکەوتنێکی وا لە ئارادا نیە، بەڵام وەک لایەنی نێوەندگیر لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ گەیشتن بۆ چارەسەرێکی هاوشێوە بۆ قەیرانی غەززە.
لەبەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەردەوام جەخت لە رەتکردنەوەی ئاگربەستی هەمیشەیی دەکاتەوە و دەڵێت وڵاتەکەی تەنها لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان، بە ئاگربەستی کاتی رازی دەبێت.