پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی باس لە دۆخی هاووڵاتیانی شنگال دەكات و ئاماژە بەوە دەكات هێشتا زیاتر لە (160) هەزار هاوڵاتی دەڤەری شنگال لە كامپی ئاوارەكان لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەژین.
لەوبارەوە لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەكردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: لە ئێستادا كە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقە، بە تایبەتی لە ناوچە دابرێنراوەكان، هەموو لایەنەكان لە كێبڕكێدان بۆ بەدەست هێنانی زۆرترین دەنگ و زۆرترین كورسی ئەنجومەنەكان و گەیشتن بەدەسەڵاتی ئیدارە خۆجێییەكان، ئەوەی كە بانگەشەی شنگال لەگەڵ ناوچە دابرێنراوەكانی دیكە جیادەكاتەوە، زامە سەخت و بەردەوامەكەی شنگال و خەمە قوڵەكانی شنگالیەكانە.
لەتیف نێروەیی باس لەوەدەكات، لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (9) ساڵ بەسەر پەلاماری تیرۆرستانی داعش و جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان، هێشتا زیاتر لە (160) هەزار هاوڵاتی دەڤەری شنگال لەكامپی ئاوارەكان لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك ژیان بەسەر دەبەن و بەهۆی كۆمەڵێك لەمپەر و بەربەستەوە دەرفەتیان بۆ نەرەخساوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
باس لەوەش دەكات، لە دوای تێپەربوونی (9) ساڵ، هێشتا قایمقامییەتی شنگال لە تەنیشت شاری دهۆكە و هەر هاوڵاتییەكی قەزای شنگال كە بۆ مامەڵەیەكی رەسمی پێویستی ئیمزایەكی قائیمقام هەبێت ، پێویستە بۆ ماوەی سێ سەعات بە سەیارە رێگا ببڕێت و لە (12) سەیتەرە تێپەڕێت تا دەگاتە قایمقامییەتی شنگال لە (دومیز – فایدە) لەتەنیشت شاری دهۆك، بوگەڕانەوەش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە دوای تێپەربوونی (9) ساڵ بەسەر داگیركاری و وێرانكاری و كۆمەڵكوژی ئێزدییەكانی شنگال، هێشتا كەشێكی گونجاو نەرەخساوە بۆ كۆبوونەوەی شەنگالییەكان لە زێدی خۆیان، چونكە بێجگە لەوەی زیاتر لە (100) هەزار هاوڵاتی ئێزدی بە ناچاری روویانكردووەتە وڵاتانی ئەوروپا، هێشتاكۆچی گەنجانی دەڤەرەكە بۆ هەندەران هەر بەردەوامە، لەهەمان كاتدا هێشتا ئێزدییەكان بەهۆی ململانێی حزبایەتییەوە بەسەر (5) بەشدا دابەش بوون، هەر بەشێك لەوانە پەیام و جیهانبینی خۆیان هەیە بۆ چارەسەركردنی دۆزی شنگال و شێوازی حوكمرانی و ئایندەی دەڤەرەكە.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت، خەمەكانیان بەردەوامە، چونكە لەدوای ڕوخانی رژێمەوە شنگالیەكان هاوشێوەی ناوچەدابرێنراوەكان چاویان لەوەیە زانكۆیەك، نەخۆشخانەیەكی شایستە، پاركێكی سەردەمیانە، لە شارەكەیان بكرێتەوە.
ئەوەشی روونكردەوە، هۆكاری بەردەوامبوونی هەموو ئەم خەمانە بۆ سیستمی ناڕەوای ئیدارەی قەزاكە و ئیدارە خۆجێیەكەی پارێزگای نەینەوا دەگەڕێتەوەوتاكە چارەسەریش بۆ دۆخی شنگال بەشداریكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لە ئیدارە خۆجێیەكەی نەینەواو شنگال و پێكهێنانی ئیدارەیەكی بنكەفراوانی خزمەتگوزار و شەفاف كە خزمەت بەهەموو شنگالیەكان بكات بەبێ جیاوازی.
هێما بەوەش دەكات، بۆ ئەو مەبەستە، هاوپەیمانیەتی یەكێتی خەڵكی نەینەوا، بەرنامەیەكی تایبەت و ستراتیژی بۆ چونیەتی چارەسەركردنی كێشەی شنگال و میكانیزمی جێبەجێكردنی بەرنامەكە داڕێژراوە، بە جێبەجێكردنی بەرنامەكە، زامی شنگال ساڕێژ دەكات و كۆتایی بە خەمە بەردەوامەكانی شنگالییەكان دێنێت .