شەڕی مۆبایلە زیرەكەكان

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لەسێبەری ئەو هەواڵە ناڕاستانەی میلیشیاكانی ئێران و بریكارە بیانییەكان لە عێراق و سوریا بڵاویاندەكردەوە، هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتی ئەمریكا پەنایان بردە بەر جۆرێكی دیكەی چەك تا لەگۆڕەپانی شەڕدا بەكاریبهێنن، ئەویش مۆبایلی زیرەك بوو.

گۆڤاری فۆرین پۆڵیسی ئەمریكی بڵاویكردەوە، مانگی ئابی رابردوو، سەربازانی ئەمریكی لەعێراق بەفەرمانی مایڵ كاگینز وتەبێژی پێشووی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی كۆمەڵێك مۆبایلی زیرەكیان بەدەستهێنا.

بەپێی گۆڤارەكە، كاگینز جەختی لەوە كردووەتەوە ئەوە یەكەمجارە سەربازان ببنە خاوەنی مۆبایلی ئایفۆن ١١ی پرۆ ماكس، ئەوەش دەستكەوتێكی مەزنە.

ئەو مۆبایلانە هێمایەكن بۆ بەرهەڵستییەكی گەورە، كە رووبەڕووی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و سەربازانی ئەمریكی بەتایبەتی دەبێتەوە، هاوكات دژی ئەو هەواڵە ساختانەی لەعێراق و سوریا بڵاودەبنەوە دەجەنگن، لەلایەكی دیكەشەوە، یەكێكی دیكە لەئەركەكانی ئەم مۆبایلانە روونكردنەوەی ئەركی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییە.

 

ئەوە یەكەمجارە سەربازان ببنە خاوەنی مۆبایلی ئایفۆن ١١ی پرۆ ماكس

 

هەر بەپێی گۆڤارەكە، پێویستە ئەمریكا رووبەڕووی جەنگی ئەو زانیارییە ئاڵۆزانە ببێتەوە، كە لەلایەن كۆمەڵەكانی سەر بەئێران، حكومەتی سوریا و روسیا بڵاودەكرێنەوە بۆ شێواندنی متمانە بە ئەركی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا.

لەماوەی شەش مانگی رابردووشدا، میلیشیاكانی عێراق، كە هاوسۆزیان بۆ ئێران هەیە چەندین هێرشی موشەكی‌و بۆمبی چێندراویان بەكارهێنا بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق.

لای خۆیانەوە، كۆمەڵەكانی سەر بە ئێران وەك جوڵانەوەی حیزبوڵڵا ڤیدیۆی ئەو هێرشانەیان لەسەر ئینتەرنێت بڵاودەكردەوە هەتا لەڕێیەوە پەیامێك بۆ واشنتۆن بنێرن، هاوكات دەنگۆی بنیادنانی بنكەیەكی سەربازی نوێیان لە عێراق لەلایەن ئەمریكاوە بڵاوكردەوە.

لە سوریاش، رۆژانە میدیاكانی ئێران هەواڵی دزینی نەوتی سوریایان لەلایەن ئەمریكاوە بڵاودەكردەوە.

كاگینز چی كرد؟
كاتێك لە ئابی ٢٠١٩ مایلز كاگینز گەیشتە عێراق، تێبینی ئەو پەیوەندییە پەراوێزخراوەی كرد، كە لەنێوان هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەبەغدا و هاوتاكانیان لە هێزەكانی سوریای دیموكراتدا هەیە سەرباری كار كردنیان پێكەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ، تەنانەت لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر هەژماری هاوپەیمانان و مستەفا بالی وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات لای یەكتری نەبوون.

لەو كاتەدا، كاگینز یەكەم وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانان بوو بەزمانی كوردی قسەی كرد و لەگەڵ هاوتاكانی لەرۆژئاوای كوردستان نامەگۆڕكێی دەكرد.

گۆڤارە ئەمریكییەكە جەختیكردووەتەوە، هۆزەكان رۆڵی هاوپەیمانان لە پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان بەهێز دەكەن، بۆیە راگرتنی هەواڵە ساختەكانی ئێران كارێكی سەرەكییە بۆ كەمكردنەوەی ناكۆكییەكان.

 

هۆزەكان رۆڵی هاوپەیمانان لە پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان بەهێز دەكەن

 

كاگینز رۆڵێكی گەورەی هەبوو لەهێنانی تەكنەلۆجیای نوێ و تویت كردن بەزمانی كوردی، هاوكات گەشەپێدانی پەیوەندییە ناوخۆییەكان و فشاركردن بۆ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی چالاك.

مانگی رابردوو، كاگینز پۆستەكەی بەجێهێشت، بەڵام تێڕوانینەكەی رەنگە ببێتە هۆی گۆڕانی ئەو رێگایەی لەجەنگەكانی داهاتوودا ئەمریكای پێدا تێپەڕ دەبێت‌و ببێتە هۆی روونكردنەوەی ئەو ناكۆكییانەی رووبەڕووی واشتنتۆن دەبێتەوە لە بەغدا.

مۆبایلە زیرەكەكان
بەپێی فۆرین پۆڵیسی، كاگینز نەیدەتوانی بەشێوەیەكی باش لەڕێی نووسینگەكەی خۆیەوە لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا كارەكانی جێبەجێبكات، ئەوەش هۆكار بوو هەتا داوای مۆبایلی زیرەك بۆ سەربازەكانی لە عێراق و سوریا بكات تا بتوانن رووداوەكانی بۆ تۆمار بكەن.

 

ساڵانێكی زۆر پەنایان نەبردووەتە بەر مۆبایلە زیرەكەكان بۆ تۆماركردنی چیرۆكەكان و دەستكەوتنی زانیاری

 

لە كاتێكدا فۆرین پۆڵیسی رەخنە لە ئەمریكا دەگرێت، كە ساڵانێكی زۆر پەنایان نەبردووەتە بەر مۆبایلە زیرەكەكان بۆ تۆماركردنی چیرۆكەكان و دەستكەوتنی زانیاری، كاگینز دەڵێت: رەنگە ترسی ئەمنی و بودجە و ئەنجامی بڵاوكردنەوەی ئەو وێنە ناپەسەندانەی دەچركێنرێن رێگر بووبێتن لەبەردەم وەزارەتی بەرگری بۆ دابەشكردنی مۆبایلە زیرەكەكان بەسەر سەربازاندا.

ئامانجی فشاری بەكارهێنانی مۆبایلە زیرەكەكان وەڵامدانەوەی خێرای سەربازان بوو لەمەیدانی شەڕە ئەلكترۆنییەكان و هەوڵدان بوو بۆ بەمرۆیی كردنی ئەركی هاوپەیمانان، هاوكات هەوڵێكیش بوو بۆ دڵنیابوونەوە لە دڵسۆزی هاوبەشانی ئەمریكا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا