پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ 13ی 11ی 2023، ماوەی دوو مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەر بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە هاوكات خۆپیشاندانی فراوان هەفتانە ئەنجام دەدرێت و مامۆستایانی ناڕازی چەند مەرجێكیان هەیە بۆ شكاندنی بایكۆت و چوونەوە بۆ ناو هۆڵەكانی خوێندن.
مامۆستا عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك رایگەیاندوو، :داواکارییەکانی ئێمە روون و رەوانن، زۆر ئاسانن، ئەگەر دەسەڵات بیەوێ وەڵاممان بداتەوە، پێویستی بەهەنگاوی کردارییە، نەوەکو دانیشتن”.
راشیگەیاندووە، “لە دوا بەیاننامەماندا پێنج داواکاری سەرەکیمان هەبووە و جارێکی تر لێرە دووپاتیان دەکەینەوە ، ئەگەر دەسەڵات دەیەوێ بایکۆت بشکێ باهەنگاوی کرداری دەست پێبکات”.
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشکردووە، “داواکارییەکانی دوا بەیاننامەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمانەن”:
1- دابەشكردنی موچەكانمان بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
2- دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی موچەخۆران.
3- دامەزراندنی مامۆستایان وانەبێژ.
4- دابەشكردنی موچەكانی مانگەكانی (9-10) و رێككردنەوەی دابەشکردنی مووچە کە ٣٠ رۆژ تێپەڕ نەکات.
5- دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكانیان.
بەگوێرەی ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە، دەبوو لە رۆژی 13ـی ئەیلوولی رابردوو دەست بە پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2023-2024 بکرێت.
بەهۆی دواکەوتنی مووچە و پێنەدانی شایستە داراییەکانی مامۆستایان لەکاتی خۆیدا، دوو مانگە خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە راگیراوە و بایکۆتی مامۆستایان بەردەوامی هەیە.