شارەوانی سلێمانی: ناتوانن رێگە پێدان بدەن بە دروستكردنی خانوو لە سنووری 29 گوند

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی هۆشداری دەداتە 29 گوندی سنوری شارەكە كە ناتوانن رێگەپێدان بدەن بە دروستكردنی خانوو لە سنوری فراوانكراوی ئەو گوندانەدا چونكە هێشتا بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە فراوانكردنی حەرەمی ئەو گوندانە پەسەند نەكراوە.

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، شارەوانیمان بەپێی یاسای قەدەغەكردنی زیادەڕەوی (ژمارە 3 ساڵی 2018) خانوكردنی لە سنوری گوندەكانی ناو ماستەرپلانی شاری سلێمانی راگرتوە، چونكە سنورە فراوانكراوەكانی ئەو گوندانە تەنها رێكاری ئەندازەییان بۆ كراوەو هێشتا رێكارە یاساییەكانیان تەواونەكراوەو هەتا ئامادەكردنی ئەم ئاگادارییە بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە فراوانكردنی حەرەمی 29 گوند لەو گوندانە هێشتا پەسەند نەكراوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئاگاداری و هوشیاریی یاسایی لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە:

شارەوانیمان بەپێی یاسای قەدەغەكردنی زیادەڕەوی (ژمارە 3 ساڵی 2018) خانوكردنی لە سنوری گوندەكانی ناو ماستەرپلانی شاری سلێمانیدا راگرتوە چونكە سنورە فراوانكراوەكانی ئەو گوندانە تەنها رێكاری ئەندازەییان بۆ كراوە و هێشتا رێكارە یاساییەكانیان تەواونەكراوە و هەتا ئامادەكردنی ئەم ئاگادارییە بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە فراوانكردنی حەرەمی 29 گوند لەو گوندانە هێشتا پەسەند نەكراوە، بۆیە لە روی یاساییەوە ئەو سنورە فراوانكراوانە بە (سنوری حەرەمی گوند) دانانرێن بەڵكو بە (سنوری گەڕەكی ئەو گوندە) دادەنرێن و بەر یاسای تاپۆكردنی خانوە زیادەڕۆكان (ژمارە 3 ساڵی 2019 هەمواركراو) دەكەون نەوەك یاسای تاپۆكردنی حەرەمی گوندەكان (ژمارە 12 ساڵی 2012).

ئاشكرایە كە یەكێك لە مەرجەكانی تاپۆكردنی خانوی زیادەڕۆ (واتە خانوی دەرەوەی سنوری حەرەمی گوند) ئەوەیە كە خانوەكە پێش رێكەوتی (31_12_2020) دروستكرابێ، بۆیە شارەوانیمان ناتوانێ رێگەپێدان بدات بە دروستكردنی خانو لەو سنورە فراوانكراوانەدا هەتا بەیاننامەیان بۆ دەردەچێ بە ئەژماركردنیان بە سنوری حەرەمی گوند، ئەوسا بەر یاسای (ژمارە 12 ساڵی 2012) دەكەون و دەتوانین رێگەپێدانیان بدەینێ بە دروستكردنی خانو، چونكە خانوی ناو حەرەمی گوند بە خانوی زیادەڕەوی دانانرێ، بەڵام پێشەكی دەبێ دڵنیابین لەوەی كوێ بە حەرەمی گوند دادەنرێ و بۆ ئەوەش چاوەڕوانی پەسەندكردنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانین. پێویستە مختاری ئەو سنورانە ڕێگە نەدەن بە كاری نایاسایی لە سنورەكانیان.

ئەمەش ناوی ئەو گوندانەیە كە تائێستا فراوانكردنەكەیان پەسەندی وەرنەگرتوە:

گوندی قڕگە، گوندی قەرەتۆغان، گوندی كەڵەكن، گوندی كانی گۆمە، گوندی عەواڵ، گوندی كۆستەی چەم، گوندی خەلیفاوا، گوندی ئاوبارە، گوندی خێوەتە، گوندی ئاشەسپی، گوندی مەلا داود، گوندی كانی بەردینە، گوندی بابان، گوندی كەنەسورە، گوندی قولەرەیسی سەرو، گوندی هوانە، گوندی شێخ وەیساوا، گوندی ئاڵیاوای خوارو، گوندی بەردەكەڕ، گوندی فەرەج ئاوا، گوندی ژاڵەی خوارو، گوندی ژاڵەی سەرو، گوندی ژاڵەی جەزا جاف، گوندی رازیانەی كۆن، گوندی رازیانەی نوێ، گوندی رازیانەی كانی شینكە، گوندی داربەڕوڵە، گوندی سەماوات، گوندی ناوگردان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا