پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمریکا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی سەردەمی پاش کۆتایی هاتنی جەنگ راگەیاند و دووپاتی دەکاتەوە کە پێویستە گەلی فەڵەستین خاوەنی بڕیاری کۆتایی بن و هەر خۆشیان ناوچەکانیان بەڕێوەببەن.
لێدوانەکەی ئەمریکا لە دژی لێدوانێکی پێشووی بنیامین نەتانیاهۆ دێت رایگەیاندبوو، ئیسرائیل بەرپرسیارییەتی رەهای ئەمنی کەرتەکە لە ئەستۆ دەگرێت.
بلینکن لە سەردانێکیدا بۆ ژاپۆن، لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە تۆکیۆی پایتەختی ئەو وڵاتە رایگەیاند: “پاش کۆتایی هاتنی جەنگ، داگیرکردن و ئابڵوقەدان و کەمکردنەوەی سنووری جوگرافی غەززە بەهیچ شێوەیەک روونادات، بەڵکو دەبێت ئەو کەسانەی فەرمانڕەوایەتی کەرتەکە دەگرنە ئەستۆ دەنگ و رەنگی گەلی فەڵەستین بن”.
نەتەنیاهۆ رۆژی دووشەممەی رابردوو بە تۆڕی ئەی بی سی ئەمریکی راگەیاندبوو، “ئیسرائیل بەرپرسیاریەتی تەواوی ئاسایشی کەرتی غەززە لە ئەستۆ دەگرێت پاش کۆتایی هاتنی جەنگ، چونکە هەموومان بینیمان چی روویدا لەکاتێکدا ئێمە بەرپرسی ئاسایشی ئەو ناوچەیە نەبووین”.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینین زیاتر لە مانگێکە بەردەوامی هەیە و لەو ماوەیەشدا بە دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، بزووتنەوەی حەماس ‘گەورەترین’ هێرشی سەربازی بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و باشووری ئەو وڵاتە دەستپێکرد و هەر لە یەکەم رۆژدا، زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و زیاتر لە 240 کەسی بە بارمتە گیران..
ئیسرائیل لە تۆڵەی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس، ئۆپراسیۆنی ‘شمشێری ئاسنین’ـی دژی فەڵەستنییەکان راگەیاند و بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندرووستی فەڵەستین، زیاتر لە 10 هەزار کەس کوژراون.