پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هەرچەندە بانکی ناوەندی، قەبارەی خشتەی فرۆشی دۆلاری لەمڕۆدا زیاتر کرد، بەڵام بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار هێشتا لە بەرزبوونەوەدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی تشرینی یەکەم، بانکی ناوەندیی عێراق بڕی 227 ملیۆن و 447 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەکانەوە. لەو ژمارەیەش، 199 ملیۆن و 747 هەزار دۆلاری بەشێوەی حەواڵەیە و 27 ملیۆن و 690 هەزار دۆلاریشی بەشێوەی نەختینە خستە بازاڕەکانەوە.
تا ساتی نووسینی ئەم هەواڵە، نرخی دۆلار گەیشتووەتە سەروو 165 هەزار دینار و بەهاکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. شارەزایەکی بواری دۆلار بە مایکی پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، ئەو دۆلارەی کە بانکی ناوەندی بەشێوەی نەختینەیی دەیفرۆشێت، بەئاسانی ناگاتە دەستی هاوڵاتییان، سەرەنجام هەموو رێکارەکانی بانکی ناوەندی پێچەوانە دەبنەوە و لە رێکارەکانی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار شکست دەخۆن.
یەکێکی دیکە لە رێکارەکانی دابەزاندنی دراو کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پەیڕەو دەکرێت، داخستنی شوێن و سەنتەرە نافەرمییەکانی فرۆشتنی دۆلارە و حکومەتی عێراق بەچەند یاسایەک، رێگری لە سپیکردنەوە و بازرگانیکردن بە دۆلار دەکات لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش.
بەهای دیناری عێراقی، لە کۆتایی ساڵی 2014ەوە جێگیریی خۆی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان لەدەستداو، لە سەرەتاکانی ساڵی 2018ەوە بەتەواوەتی کاریگەرییەکانی ئەو ناجێگیرییە لەسەر ئابووری عێراق بەدەرکەوتن. بانکی ناوەندی ئەو وڵاتەش بەردەوامە لە راگەیاندنی میکانزم و رێکاری نوێ بۆ رووبەڕووبەنەوەی ناجێگیری بەهای دراوەکەی، بەڵام تا ئێستا نرخی دۆلار لەبەرزیدایە و هیچ ئاماژەیەک دیار نیە بە دابەزینی بەشێوەیەکی بەرچاو.